کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق دووبارە سنوورەکانی لەگەڵ ئێران داخست

12:06 - 20 رەشەمه 2719

حکوومەتی عێراق بە مەبەستی پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا جارێکی دیکە ٥ ڕێڕەوی سنووریی خۆی لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی یەک حەوتوو داخست.

هەیئەتی ڕێڕەوە سنوورییەکانی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەشەمە، لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاند کە ٥ ڕێڕەوی سنووریی "شەڵەمچە، شیب، زەرباتییە، مەنزەرییە و مەندەلیـ"ـی لە نێوان عێراق و ئێرانی بۆ ماوەی یەک حەوتوو هەتا ٢٥ی ڕەشەمە داخستووە و تەنانەت ئاڵووێرە بازرگانییەکانیش لەو سنوورانەدا ئەنجام نادرێت.

هەیئەتی ڕێڕەوە سنوورییەکانی عێراق هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەو موسافیرە عێراقییانەی کە بۆ سەفەر چوونەتە ئێران، لە ڕێڕەوە زەوینییەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە و دەبێ بە شێوەی تایبەتی لە فڕۆکەخانەی بەغدا و بەسرەوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاگەیاندنی هەواڵەکەی بە شێوەی فەرمی لە ئێراندا، عێراق و تورکیە و چەندین وڵاتی دیکە ڕێڕەوە سنوورییەکانی خۆیانیان لەگەڵ ئێران داخست، بە شێوەیەک کە لانیکەم ١٠٠٠ کامیۆنی ئێرانی لە پشت سنوورەکانی "مێهران" مانەوە.

لە هەمان حاڵدا سنووررەکانی هەرێمی کوردستانیش بە تێبینیی هاتوچۆی ترانزیت و بارهەڵگرەکانەوە  داخراوە.

هەروەها وڵاتانێک وەک ئەفغانستان و پاکستان هەروا سنوورەکانیان لەگەڵ ئێران داخستووە و تەنیا بارهەڵگرەکان و ترانزیتەکان دەتوانن هاتوچۆ بکەن، ئەویش بە مەرج و تێبینیی تایبەتەوە.