کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق دەستی بەسەر ١٩ کانتینێر دەرمانی قاچاخی ڕێژیمی ئێراندا گرت

10:46 - 25 رەزبەر 2720

ئیتلاعاتی ئەرتەشی عێراق دەستی بە سەر ١٩ کانتینێر دەرمانی قاچاغ کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕەوانەی بەغدا کراوە داگرتووە.

ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەر ئەرتەشی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە دەستیان بە سەر ١٩ کانتینێر دەرمان کە هەمووی دەرمانی قاچاغ بووە و لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕەوانەی عێراق کراوە، داگرتووە.

بەهای ئەو ١٩ کانتینیر دەرمانە زیاتر لە ١٠٠ هەزار دۆلار بووە.

ئەو بارە قاچاغە لە ڕێگای "نیسمە" سەر بە شاری "خانەقین" ڕەوانەی بەغدا کراوە.

"مستەفا ئەلکازمی" سەرۆکوەزیرانی عێراق بە مەبەستی بنبڕکردنی گەندەڵی هاتووەتە سەر کار و لەو پێناوەدا چاودیری چڕی بە سەر گومرکە هاوبەشەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا دەکات.

ئەو ١٩ کانتینێر دەرمانە لە کاتێکدا دەستی بەسەر داگیراوە کە ڕێژیمی  ئێران بەردەوام ئیدعا دەکات بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە ئێمە ناتوانین دەستمان بە دەرمان ڕابگات و لە دۆخی ئێستادا کە کۆرۆنا هەموو جیهانی گرتووەتەوە، کارێکی نایاساییە.