کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق دەستی بەسەر پاره‌ى چەند بانکێکی ڕێژیمی ئێراندا گرت

11:33 - 7 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تێرۆریستییەکان و سپیکردنەوەی پارە، حکوومەتی عێراق دەستی بەسەر پارەی چەند بانکێکی ڕێژیمی ئێراندا گرت.

بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوە دژی تێرۆریزم و سپیکردنەوەی پارە و سیستمی سڕکردنی پارە تێرۆریستەکان و بەپێی یاسایەک کە بە هەیئەتێکی ئابووریی حکوومەتی عێراق دراوە،  ئەو هەیئەتە لە دانیشتنی خۆیدا بڕیاری دا دەست بەسەر دارایی و پارەی گرووپە تێرۆریستییەکاندا بگرێت.

بەپێی ئەو بڕیاره پارەی "سینا بانک" و "بەهمەن گرووپ" دەستیان بەسەردا گیراوە. هەروەها سەرجەم کاروباری ماڵی و چالاکیی لقەکانی بانکی "پارسیان"، کە لە عێراقدا چالاکن بۆ بانکی ناوەندیی عێراق بگەڕێندرێنەوە.

ئەو بڕیارە دەبێ لە لایەن سەرجەم وەزارەتخانەکانەوە جێبەجێ بکرێت. هاوکات دەبێت ئەو بڕیارە لە ڕۆژنامەی فەرمیی حکوومەتی عێراقدا بڵاو بکرێتەوە و ئەو دامودەزگانەی کە دژی سپیکردنەوەی پارەش چالاکی دەکەن ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن.

دوای سزاکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران، "عیبادی" سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق ڕایگەیاند: وڵاتەکەی ناچارە پێبەند بە بڕیارەکانی ئامریکا بێت و گەمارۆوەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران جێبەجێ بکات.

ڕێژیمی ئێران دەستڕۆیشتووییەکی زۆری لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عێراقدا هەیە و تەنانەت بۆ ماوەیەک بەڕێوەبەری عێراق بوو و لەو پێناوەدا تێچووی زۆری تەرخان کردووە، بۆ ئەوەی کە هەیبەتی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا زیاد بکات و بتوانێت بەئاسانی کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆی جێبەجێ بکات.