کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق لە پێدانەوەی پارە بلووکەکراوەکانی ئێران خۆ دەبوێرێت

13:20 - 15 خاکەلێوه 2721

یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ژووری بازرگانیی ئێران و عێراق وتوویەتی کە وڵاتی عێراق بە بیانووی جیاوازەوە وەکوو لە گەمارۆدابوونی بانکە ئێرانییەکان، هەوڵی داوە کە خۆی لە پێدانەوەی پارە بلووکەکراوەکانی ئێران لەو وڵاتەدا ببوێرێت.

"حەمید حوسێنی" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ژووری بازرگانیی ئێران و عێراق لە وتووێژێک لەگەڵ یەکێک لە ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم وتوویەتی: "کاتێک ئامریکاییەکان لێخۆشبوون بە وڵاتێک دەدەن کێشەیەک بۆ پێدانەوەی پارە نابێت، واتە لەگەڵ پێدانی لێخۆشبوون دەبێ ڕێوشوێنی پێدانەوەی پارە بگیردرێتە بەر و پارەکان بدرێنەوە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە پارەی بەرق، چونکە دەتوانن بە دینار وەری بگرن باشتر پێیان دراوەتەوە، بەڵام بۆ پارەی گاز هێشتا هیچ کارێک نەکراوە.

بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا کە پاش چوونەدەرەوەی لە بەرجام لەسەر ئێرانی دانا، ئەو ڕێژیمە ماوەیەکی زۆر بوو کە نەیدەتوانی پارەی کارەبا و گازی وەرگرێتەوە.