کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق هاوردەکردنی کاڵا لە ئێراندا کەم دەکاتەوە

11:51 - 20 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وڵاتی عێراق ئاستی بازرگانیی خۆی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دابەزاندووە و هاوردەکردنی کەلوپەل لە ئێراندا کەم دەکاتەوە.

ڕۆژنامەی "دنیای اقتصاد" نووسویەتی: دەوڵەتی عێراق بەشیک لەو کاڵایانەی کە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن، قەدەغەی دەکات.

دوایین ئاماری گومرۆگی ڕێژیمی ئێران نیشان دەدات، کە هەناردەکردنی غەیرەنەوتیی ڕێژیمی ئێران بۆ ولاتی عێراق، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٧دا، ٧٢٢ میلیۆن دۆلار بووە، کە لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٣٨٩ میلیۆن دۆلار، واتە ئاستی هەناردەکردنی غەیرەنەوتیی ڕیژیمی ئێران لەم ماوەیدا، ٣٣٣ میلیۆن دۆلار دابەزیوە.

وڵاتی عێراق زۆرترین ئاستی بازرگانیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا هەیە، بەڵام به هۆی پێبەندبوون بە گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ئەو ڕێژیمە، دەوڵەتی عێراق ئاستی بازرگانیی خۆی کەم کردووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان به هۆی پێبەندبوونی عێراق بە بڕیارەكانی ئامریكا بۆ ڕاگرتنی بازرگانیی لەگەڵ ڕێژیمی  ئێران، لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧دا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە ڕێگای تانکرەوە بۆ ئێران، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بەفەرمی ڕاگرت.

پێشتریش کاربەدەستانی ئامریکا ڕایانگەیاندبوو، هەر کەسێک لەگەڵ ئێراندا بازرگانی بکات، ڕێگەی پێ نادرێت بازرگانی لەگەڵ ئامریکا بکات و لەم بارەوە چەندین جار بەرپرسانی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە.