کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق پارەی بەرق و گازی هەناردەکراوی ئێران بۆ ئەو وڵاتە ناداتەوە

17:58 - 19 رێبەندان 2719

حکوومەتی بەغدا بۆ پێڕەویکردن لە گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران، لەمەبەدواوە پارەی بەرق و گازی هەناردەکراوی ئێران بۆ عێراق بە ڕێژیمی ئێران ناداتەوە.

"حەمید حوسێنی"، ئەندامی ژووری بازرگانیی ئێران و عێراق وتوویەتی، داهاتی پارەی هەناردەکردنی گاز و بەرق بۆ عێراق بەهۆی تەحریمی بانکی ناوەندی بە ئێران نادرێتەوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە جێگای پارە دەبێ کاڵا هاوردەی ئێران بکات.

''موحسین ئەمین زارع''، جێگری کاروباری دراو و نێودەوڵەتیی بانکی میللیی ڕێژیمی ئێران، سەرەتای وەرزی پاییز وتبووی: ''بانکی میللی، ٣ لقی لە شارەکانی بەغدا، نەجەف و بەسرە لە وڵاتی عێراقدا هەیە کە بەهۆی پێداگرییەکانی ئامریکا، چالاکییەکانی کەم بووەتەوە.''

ڕێژیمی ئێران لە فرۆشتنی نەوت، بە جێگای پارە دەبێ کاڵا لە وڵاتانی دیکە هاوردە بکات.

بە دەستپێکی گەمارۆکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران، سیستمی بانکیی ئەو ڕێژیمە لە ڕێزبەندیی گەمارۆکانەوە جێی گرتووە.

هاوکات سووڕی ماڵی و سیستمی بانکیی ڕێژیم  لە بازرگانیی جیهانیدا تێکچووە و هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بووەتەوە.