
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی جۆزەردان، ڕێکخراوی گومرکی عێراق بڵاوی کردووەتەوە کە خۆراکی هەناردەکراو لەلایەن ئێران لەوانە "هێلکە، مریشک و هەرشتە" بەهۆی "نەهاتنەوە لەگەڵ یاسا و ڕێسا و ڕێکارەکان" لەلایەن گومرکی "منزەریە" بۆ ڕێژیمی ئێران گەڕێندرایەوە.
"عەلیڕەزا موقەدەسی" سەرۆکی گشتیی گومرکی ڕێژیمی ئێران پێشتر باسی لەوە کردبوو کە عێراق بە هاوردەکردنی ٨ میلیارد و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار، شوێنی یەکەمی شتومەکی هەناردەکراوی ئێران بۆ وڵاتانی دراوسێی لە ٩ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ و سێ مانگی یەکەمی ٢٠٢٢ بووە.
هەروەها سەید "حوسێن ئەحمەدی"، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق وتبووی کە لە دوای شەڕی ئۆکراین، هاوردەکردنی عێراق لەو وڵاتە دادەبەزێت و ئێران دەتوانێت شوێنی ئۆکراین لە بازاڕی ئەو وڵاتەدا پڕ بکاتەوە.
وەزارەتی گەڵاڵەداڕێژیی عێراق، بانەمەڕی ئەمساڵ ئیجازەنامەی هاوردەکردنی ١٢ جۆری خۆراکی لەوانە "هێلکە، مریشک و هەرشتە"ی لە ئێران پەسند کردبوو.