کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق ئەو مسافیرانەی کە واکسەنی کۆرۆنای "ئێرانـ"ـیان لێدراوە، ئیزنی هاتن بۆ ئەو وڵاتەیان پێ نادات

13:12 - 15 خاکەلێوه 2722

شیرکەتی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران (هۆما) لە ڕاگەیەندراوێکدا دوایین یاسا و ڕێساکانی سەفەر بۆ عێراقی ڕاگەیاندووە و بڵاوی کردووەتەوە کە مسافیرانی ئێرانی لە ئەگەری هاتن بۆ ئەو وڵاتە دەبێ یەکێک لە واکسەنەکانی پەسەندکراوی "عێراقـ"ـیان لە خۆی دابێ.

شیرکەتی فڕۆکەوانیی ''هۆما'' باسی لەوە کردووە کە مسافیرانی سەرەوەی تەمەن ١٢ ساڵ تەنیا ١٤ ڕۆژ دوای لێدانی دوایین نۆبەتی ئەو واکسەنانەی کە لەلایەن عێراقەوە پەسەند کراون کە واکسەنەکانی ''ڤایزێر، مۆدێرنا، ئاسترازنکا، جانسۆن، سینۆفارم و سینوواک'' لەخۆ دەگرێت دەتوانن بە مەرجی نەرێنیبوونی تاقیکاریی کۆرۆنا بۆ عێراق سەفەر بکەن.

لە نێوان ئەو واکەسەنانەی کە ناویان هاتووە، ناوێک لە واکسەنەکانی دروستکراوی ئێران بوونی نییە.

هەتا ئێستا هیچ یەک لە واکسەنەکانی دروستکراوی ئێران بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە پەسەند نەکراوە و ڕێژیمی ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو هاوردەکردنی واکسەنی بیانی ڕاگرتووە.

ئێران مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو ٨٢٠ هەزار دۆزی واکسەنی ''ئاسترازنکا'' کە لە وڵاتی "لێهستانـ"ـەوە هاوردەی کردبوو بەهۆی ئەوەیکە کە "ئامریکا"وە نێردرابوون، بۆ "لێهستانـ"ـی گەڕاندەوە.

''بەهرام دارایی'' بەرپرسی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ڕێژیمی ئێران مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو وتبووی هەتا ئێستا نەمانتوانیوە تەئیدییەی جیهانیی بۆ واکسەنەکانی دروستکراوی ئێران وەرگرین.