کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

''عەباس موسەوی'' وتوویەتی، ئەگەر ئامریکا هەوڵێک ئەنجام بدات لەگەڵ کاردانەوەی ئێمە ڕووبەڕوو دەبێتەوە

17:56 - 29 بانەمەڕ 2720

''عەباس موسەوی''، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بەنیسبەت کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە سووتەمەنی بۆ وێنێزۆئێلا ڕادەگوازن وتوویەتی، ئەوەی کە ئامریکا لەبارەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێمە باسی لێوە دەکات، نایاساییە و ئەگەر هەوڵێک ئەنجام بدات، ڕووبەڕووی کاردانەوەی ئێمە دەبێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "نەوتهەڵگرەکانی ئێمە بەرەو وێنێزۆئێلا دەڕۆن و هیچ بەربەستێکی یاسایی بۆ بازرگانیکردن ڕەوا نییە".

ناوبراو زیادی کردووە: "ئەگەر ئامریکا بازرگانیی ئێمەی پێ ناخۆشە، پەیوەندیی بەخۆیەوە هەیە و هیوادارین دەست بۆ کارێکی گەمژانە نەبات".

لەم پەیوەندییەدا، ''عەباس عەراقچی''، جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بە بانگهێشتی باڵوێزی سوئیس لە تاران کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئامریکایە، داوای لێکردبوو کە هۆشدارییە جیددییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەنیسبەت هەرچەشنە هەڕشەیەکی ئامریکا دژی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران بە بەرپرسانی ئامریکا ڕابگەیەنێت.

پێشتر بەرپرسێکی باڵای ئامریکا ڕایگەیاندبوو، ویلایەتە یەکگرتووەکان خەریکی تاوتوێکردنی تەکبیرگەلێکەن کە بتوانن پێش بە ناردنی سووتەمەنی لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڤێنێزۆئێلا بگرن.

هەندێک لە هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕ ڕایانگەیاندبوو کە ئامریکا "٤ ناوگانی نیزامی" و "فڕۆکەی بووئینگی P8 پۆسایدۆنـ"ـی ناردووەتە ناوچەی کارائیب و چاوەدێریی هەڵسوکەوتەکانی ئێران دەکات.

پیشەی نەوتی ئێران و وێنێزۆئێلا کە هەر دووکیان ئەندامی ڕێکخراوی ''ئۆپێکـ''ـن، لەلایەن ئامریکاوە گەمارۆیان خراوەتە سەر.