کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان بەهۆی پشتیوانیی حیزبوڵڵا لە حوسییەکانی یەمەن باڵوێزی "لوبنانـ"ـی لە ڕیاز دەرکرد

11:24 - 8 خەزەڵوەر 2721

عەرەبستانی سعوودی بەهۆی ئەوەیکە حیزبوڵڵای لوبنان ڕا‌هینانی نیزامی بە حوسییەکانی یەمەن دەکات باڵوێزی ئەو وڵاتەی لە ڕیاز دەرکرد و باڵوێزی خۆی لوبنان بانگهێشت کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان ٤٨ کاتژمێر دەرفەتی بە باڵوێزی لوبنان داوە کە خاکی عەرەبستان بەجێ بهێڵێت.

عەرەبستان هەروەها ڕەخنەی لە بەرپرسانی لوبنان گرتووە بەنیسبەت ئەو کەسانەی کە لە لوبنان مادەی سڕکەر ڕەوانەی عەرەبستان دەکەن، ڕێوشوێنی پێویستی نەگرتووەتە بەر و هاوکاریی ئەو وڵاتەی نەکردووە.

عەرەبستانی سعوودی باسی لەوە کردووە کە زاڵبوونی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵلا بەسەر بڕیاراتی دەوڵەتی لوبنان بەستێنێکی لەباری بۆ بەڕێوەچوونی پیلانی تێرۆریستی ڕەخساندووە.

هەروەها عەرەبستان وتوویەتی کە گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەن دەکات و ڕاهێنانی نیزامییان پێ دەکات.