کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان تیمێکی تێرۆریستیی ڕاهێنراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی دەسبەسەر کرد

12:00 - 8 رەزبەر 2720

سەرۆکایەتیی تەناهیی پادشایی عەرەبستان ڕایگەیاندووە کە تیمێکی تێرۆریستیی دەسبەسەر کردووە کە ئەندامەکانی لە بنکەکانی سپای تێرۆریستی پاسداراندا فێری کاروباری نیزامی و چاندنی بۆمب کراون.

سەرۆکایەتیی تەناهیی عەرەبستان هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕیژەیەک چەکوچۆڵ و مادەی تەقینەوەی شاردراوەیان لە دوو شوێنی ژێردەستی ئەو تیمە تێرۆریستییەدا دۆزیوەتەوە و دەستیان بەسەردا گرتووە.

وتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی تەناهیی عەرەبستان ڕایگەیاندووە کە لە ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەری ٩٩دا ئەو تیمەیان خستووەتە داوەوە کە لە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ٩٧ـەوە تا ١ی سەرماوەزی ٩٧، لە بنکەکانی سپای تێرۆریستی پاسداراندا فێری کاروباری نیزامی و مەیدانی و دانانەوەی بۆمب کراون.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە تەناهییەکاندا، ١٠ کەس دەسبەسەر کراون کە ٣ کەسیان لە ئێراندا فێر کراون و ٧ کەسەکەی دیکە لە ڕێگەی ڕۆڵگێڕانی جیاواز پەیوەندییان لەگەڵ گرووپەکەدا گرتووە.

هەروەها دوو شوێن دۆزراوەتەوە کە شوێنی هەڵگرتنی چەکوچۆڵ و مادەی تەقینەوە بووە کە یەکیان ماڵێک و ئەوی دیکەیان مەزرایەک بووە.

بەرپرسانی پەیوەندیداری ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەکانیان بەنیسبەت ئەو دۆسیەوە لەسەر کەسەکان دەست پێکردووە و ڕایانگەیاندووە کە لێبڕاوانە و بە ئیرادەوە هەوڵ بۆ پێشگرتن بە کردەوەی وا دەدەن و تەناهیی خەڵکی ئەو وڵاتە و کەسانی دانیشتووی ئەو وڵاتە دەپارێزن.

هەتا ئێستاش ڕێژیمی ئێران سەرچاوەی تێرۆریزم لە جیهاندایە و لە ڕێگەی گرووپە تێرۆریستییەکانیەوە هەوڵ بۆ تێکدان و ناسەقامگیریی ناوچەکە دەدات.