کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان داوای کاردانەوەی جیهانی بەرانبەر بە هەڕەشەکانی ئێران کرد

11:44 - 20 رەشەمه 2720

عەرەبستانی سەعوودی بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران دژ بە ئاشتی و تەناهی، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد لەو پێناوەدا هەوڵێک ئەنجام بدات.

کابینەی عەرەبستانی سەعوودی لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی خۆیدا بە سەرۆکایەتیی "مەلەک سەلمان" پاشای ئەو وڵاتە، جەختی کردەوە: "هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان، هێرش بۆ سەر ئابووریی جیهانییە".

لە حەوتووەکانی ڕابردوودا هێرشەکانی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر عەرەبستان زیاتر بووە، هێرشگەلێک کە گرێدراوە بە گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە.

لەو دانیشتنەدا پەیامی هەیئەتی نوێنەرانی عەرەبستان بۆ شۆرای تەناهیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر کرایەوە.

لەو پەیامەدا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کراوە ئەرکی خۆیان بەنیسبەت کردەوە دژبەرانە و تێکدەرانەکانی حووسییەکان دژ بە شارۆمەندان و ئامانجە سیڤیلەکان بەڕێوە بەرن.

عەرەبستان چەندین جار ڕێژیمی ئێرانی بە پشتیوانی لە هێرشی گرووپە میلیشیاکان و هەوڵ بۆ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی تاوانبار کردبوو.