کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان دووبارە داوای لە کۆمەڵگای جیهانیی کرد کە لە بەرامبەر ئێراندا هەڵوێستی بەبڕشت و جیددی هەبێت

18:20 - 9 رەزبەر 2720

لە درێژەی گرژییەکانی نێوان عەرەبستان و ڕێژیمی ئێران، کابینەی عەرەبستانی سەعوودی بۆ جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی ڕێژیمی ئێران هەڵوێستێکی بەبڕشتتر بگرێتە بەر.

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەر، هەواڵدەریی فەرمیی دەوڵەتی عەربستان بڵاوی کردووەتەوە کابینەی ئەو وڵاتە بۆ جارێکی دیکە داوای لە کۆمەڵگای جیهانیی کردووە لە بەرامبەر سەرپێچییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بابەت بەرنامە ئەتۆمییەکەی کاردانەوەی جیددیی هەبێت.

عەربستان ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەر ڕایگەیاند بوو لە ماوەی ڕابردوودا تیمێکی تێرۆریستیی دەسبەسەر کردووە کە ئەندامانی ئەو تیمە لە بنکەکانی سپای تێرۆریستی پاسداراندا فێری کاروباری نیزامی و چاندنی بۆمب کراون.

هەروەها ''مەلک سەڵمان'' پاشای عەرەبستان سەعوودی، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەر، لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووکان بەنیسبەت ڕێککەوتنی بەرجام  باسی لەوە کردبوو ڕێژیمی ئێران لەم ڕێککەوتنە بۆ پەڕەپێدانی چالاکی ناوکی و پێکهێنانی تۆری تێرۆریستیی کەڵکی وەرگرتووە''.

بەردەوامیی ڕێژیمی ئێران لە درێژەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی سەرەڕای زیانی زۆری ئابووری، لە زۆربەی وڵاتانی ناوچە و جیهان نیگەرانییەکی زۆری دروست کردووە.