کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان: شۆرای ئەمنییەت ئیزن دەدات هێرش بکەینە سەر ئێران

19:04 - 6 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودیە بڵاویان کردووەتەوە کە ئەگەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گەرووی هۆرمۆز ببەستێت، شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیزن دەدات هێرشی نیزامی بکەینە سەر ڕێژیمی ئێران.

"ئیبراهیم ئەلمۆهەننا" ڕاوێژکاری وەزیری وزەی عەرەبستان ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، باسی لەوه کردووە کە ڕێژیمی ئێران ناتوانێت بەشێک یا هەمووی "گەرووی هۆرمۆز" یا "بابولمەندەب" ببەستێت و گەمارۆ ئابوورییەکانی ئێستای سەر ئەو ڕێژیمش هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەش بە گشتی ڕاناوەستێت.

ئامریکا بە مەبەستی گوشارخستنەسەر ڕێژیمی ئێران لە هەوڵ دایە پێش بە هەنارەکردنی نەوتی ئێران بگرێت و ڕێژیمی ئێرانیش هەڕەشەی بەستنی گەرووی هۆرمۆز دەکات.

لەو پێوەندییەدا، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە دیدار لەگەڵ باڵوێز و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو ڕێژیمە، بە فەرمی باسی لەوە کرد، کە ئەگەر ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکرێت، ڕێگە نادەین نەوتی هیچ وڵاتێکی دیکە لە ناوچەکەدا هەناردە بکرێت.

هەروەها  شەریعەتمەداری، نوێنەری عەلی خامنەیی ماوەیەک پشێ لە سەروتاری  ڕۆژنامەی "کەیهانی تاران"دا، بە مەبەستی ترساندن و پاشگەزکردنەوەی ئامریکا و ئورووپا بە نیسبەت بڕیاری گەمارۆ خستنەسەر فرۆشی نەوتی ئێران، باسی لە دانانی مین لە گەرووی هۆرمۆز، بەستنی یەکجارەکیی ئەو شوێنە بە ڕووی نەوتکێشەکاندا و هەروەها هێڕشی مووشەکیی بۆ سەر عەرەبستان، ئیسرائیل و تەنانەت ئورووپاش کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژ، محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ڕێژیم، لە قسەکانی خۆیدا هەڕەشەی بەستنی گەرووی هۆرمۆزی کردووە و لە کاردانەوە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ئامریکا و ئیسرایل وتی: "ئەوان تەنیا قسە دەکەن، بوێریی هیچ جۆرە بەرەوڕووبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئێراندا نییە".

مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکاسەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕۆحانی کە وتبووی گەرووی هۆرمۆز دادەخەین ڕایگەیاند: "ئێران دەبێ بزانێت کە ئامریکا پێبەندە بە هێڵە دەریاییەکانەوە و قەت ناهێڵێ ڕاگواستنی نەوت لە جیهاندا تووشی کێشە ببێت؛ ئەم پێبەندییەی ئێمە چەندین دەیەیە بوونی هەیە و ئێستاش هەر بەردەوامە".

چاودێرانی سیاسی لەوە باوەڕەدان کە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە دەبێتە هۆی هەڵایسانی شەڕێکی خوێناوی لە ناوچەکە.

لەو پێوەندییەدا، "نداف بین حوور"، ئه‌فسه‌ری ئەرتەشی ئیسرائیل و" مایكل ئایزنشتات"، شاره‌زای كاروباری سه‌ربازی له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووە کە شەڕێکی  گه‌وره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا هه‌ڵدەگیرسێت و یەکێک لەو لایەنانە ڕێژیمی ئێرانە.