کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان لە بازاڕی نەوتدا جێگای ئێران دەگرێتەوە

18:23 - 19 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: عەرەبستانی سعودی لە مانگی دیکەوە داواکاریی کڕیارانی نەوتی ئێران دابین دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ"، عەرەبستان لە لایەن چەندین وڵاتەوە داوای لێکراوە کە لە مانگی دیکەوە نەوتیان پێ بفرۆشێت.

ئەو داواکارییانە زۆرتر لە لایەن ئەو وڵاتانەوە بووە کە پێشتر لە ڕێژیمی ئێران نەوتیان دەکڕی، بەڵام ئێستا بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا و لابردنی لێخۆشبوویی لە کڕیارانی نەوتی ئێران، ناتوانن نەوتی ئێران بکڕن.

سەرچاوەیەکی نزیک لە دەوڵەتی عەرەبستان، به هەواڵدەریی بلۆمبێرگی ڕاگەیاندووە کە دەوڵەتی عەرەبستان سەرەڕای ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکردنی نەوتدا (ئۆپێک)، لە مانگی جۆزەردانەوە ڕۆژانە کەمتر لە ٧ میلیون برمیل نەوت هەناردە دەکات.

ڕۆژی دووشەممە، ٢ی بانەمەڕ، ئامریکا بڕیاری دا کە چیدی مۆڵەتی لێخۆشبوویی کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێران لە لایەن وڵاتانی دیکەوە درێژ ناکرێتەوە، ئەو بڕیارە بۆ بە سفر گەیاندنی نەوتی ڕێژیمی ئێرانه و ئەم ڕێژیمە دەبێت لە سەرەکیترین داهاتی خۆی، واتە فرۆشی نەوت بێبەش بکرێت.

پاش ئەم بڕیارەی ئامریکا، عەرەبستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ڕێککەوتوون کە جێگای نەوتی ئێران لە بازاڕەکانی جیهان پڕ بکەنەوە.