کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان ویزای بە نوێنەری "عەلی خامنەیی" نەدا

12:38 - 15 پووشپەڕ 2722

"عەرەبستانی سعوودی" ویزای نەداوە بە "عەبدولفەتاح نەواب"،نوێنەری "عەلی خامنەیی" لە بواری حەج و زیارەت هەروەها سەرپەرەستی حاجییە ئێرانییەکان.

ئەو نوینەرەی خامنەیی لە بواری حەج، داوای لە زیارەتکەران کردووە کە دژی "ئیسرائیل" دروشم بدەن.

لە ئەمسالدا ٣٩ هەزار حاجی لە ئێران چوونەتە "عەرەبستانی سعوودی".

"عەرەبستان" پێشتر مەرجەکانی زیارەتکەرانی بڵاو کردبووە، یەکێک لەو مەرجانە ئەوە بووە کە تەمەنی زیارەتکەر دەبێ لە ٦٥ ساڵ کەمتر بێت بەڵام تەمەنی ئەو نوێنەرەی "خامنەیی" سەرووی ٦٥ ساڵ بووە کە ئەو بڕیارە ناڕەزایەتیی میدیاکانی ڕێژیمی ئێران لەوانە هەواڵدەریی "فارسـ"ـی لێ کەوتووەتەوە.

ئەو هەواڵدەرییەی سەر بە سپای پاسداران لە ڕاپۆرتێکدا ئیدعای کردووە کە "عەرەبستان" قەرار بووە چاوپۆشی لە مەرجی تەمەنی سەرپەرەستیی حاجییەکان بکات و ئەمە یەکەم ساڵە کە ئەو وڵاتە ویزای نەداوە بە سەرپەرستی حاجییە ئێرانییەکان.

بە وتەی هەواڵدەریی "فارس" سەپەرەستی حاجییەکان ئەرکی پاراستنی ئەمنییەت گیان و ماڵ و ڕێکخستنی حاجییەکانە، بەڵام ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو دەرخەری ئەوەیە کە نوێنەرەکانی "عەلی خامنەیی" لە بواری حەج و زیارەت، لە بەجێ گەیاندنی حەج بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە سیاسییەکانی ڕێژیمی ئێران و دووبەرەکی لە ناوچەکە کەڵکیان وەرگرتووە.