کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان: پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە میلیشیا چەکدارەکان هەڕەشەی بۆ سەر ناوچەکە دروست کردووە

12:52 - 20 خەرمانان 2720

وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستانی سەعوودی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەرمانان، جەختی کردووەتە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای پشتیوانی لە میلیشیا چەكدارەکان، هەڕەشە لە ناوچە دەکات و ئەم هێزانە بوونەتە هۆی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە وڵاتانی ناوچەکەدا.

''فەیسەڵ بێن فەرحان'' وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سەعوودی لە دانیشتی وەزیرەکانی دەرەوەی یەکیەتیی عەرەب وتوویەتی: ''گەورەترین هەڕەشەیەک کە ناوچەی ئێمە لەگەڵی بەرەوڕوویە، هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێرانە کە بە لە ژێرپێنانی بەردەوامی یاساکان، پەیماننامەکان و نۆرمە نێونەتەوەییەکان هەڕەشەی بۆ سەر ئەمنییەت و سەقامگیریی وڵاتانی ئێمە دروست کردووە''.

هەروەها ناوبراو وتوویەتی، داوا لە کۆمەڵگای جیهانی دەکەین بەنیسبەت بەرپرسیاریەتییەکانی بەرامبەر بەم شێوە کردەوانە کە هەڕشە لە ئەمنییەت و ئاشتیی جیهانی دەکات، هەنگاو بنێت.