کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان: ڕێژیمی ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی

16:51 - 10 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە دانیشتنی ڕۆژی هەینی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی عەرەب، ئێرانی بە گەورەترین هەرەشە بۆ سەر ناوچەکە و بە تایبەت دنیای عەرەب ناو لێبردووە.

ڕۆژی هەینی ٩ی خاکەلێوە لە دانیشتنێکی یەکیەتیی عەرەب، کە بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشدار لە یەکیەتییەکەدا که لە وڵاتی توونس بەڕێوە چوو، "ئیبراهیم عەساف" وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، باسی لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا کردبوو و وتبووی: "کارێک کە ڕێژیمی ئێران، لە ڕێگەی دەستێوەردانی ئاشکرا، لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی و لە ڕێگەی میلیشیاکانیەوە و هەوڵەکانی سپای پاسداران لە سووریە و عێراق و لوبنان و یەمەن دەیکا، یەکێک لە گەورەترین جۆرەکانی تێرۆریزم و توندئاژۆییە".

ناوبراو هەروەها داوای هاوئاهەنگیی وڵاتانی عەرەبی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ئەنجامدانی دژکردەوە لە بەرانبەر "هەڕەشەکانی ئێران" و بەرنامەی مووشەکە بالستیکییەکانی ڕێژیم.

عەساف باسی لەوە کردووە کە ئێران ڕاکتگەلێک ڕادەستی حووسییەکانی یەمەن دەکا هەتا لە ڕێگای ئەو چەکانەوە شارەکانی عەربستان بکەنە ئامانج.

ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا ئەم قسانە ڕەت دەکاتەوە کە حووسییەکان هەتا ئێستا چەندین جار عەرەبستانیان کردووەتە ئامانجی مووشەکەکانی خۆیان.