
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی جۆزەردانی١٤٠١، عەرەبستان ١٦ کەس و سێ دامەزراوەی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی خستە لیستی کەس و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان.
وەزارەتی ئەمنییەتی عەرەبستان ئەو مۆرە و دامەزراوانەی ڕێژیمی ئێرانی بە تاوانی دابینکردنی یارمەتیی ماڵی بۆ تێرۆریزم لە ناوچەدا خستووەتە لیستی کەس و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی خۆیەوە.
بەپێی بەیاننامەی بەڕێوەبەریی وەزارەتی ئەمنییەتی عەرەبستان، کۆمەڵێک مۆرە و دامەزراوەی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە یارمەتیی ماڵی تێرۆریزمیان لە ناوچەدا کردووە لەلایەن کۆمەڵێک لە وڵاتانی ئەندامی شورای هاوکاریی کەنداو و ئامریکا ناسێندراون.
ئەو لیستە کە لەلایەن ناوەندی بەربەرەکانێ لەگەڵ یارمەتیی ماڵیی تێرۆریزم ئامادە کراوە، ٦ کەس لە گرووپی "بوکوحەرام" لە نیجێرییە و هەروەها "سرایا ئەلئەشتەر"، "سرایا ئەلموختار" لە بەحرەین کە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەخۆ دەگرێت کە لەلایەن ناوەندی ئەمنییەتیی عەرەبستانەوە خراونەتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.