کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان: ئێران دەبێ واز لە پشتیوانیکردنی تێرۆریسم بێنێت

13:12 - 11 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی عەرەبستان، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە واز لە پشتیوانیکردنی ماڵیی تێرۆریسم لە ناوچەکەدا بێنێت.

"ئیبراهیم ئەلعەساف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی عەرەبستان، وێڕای ئاماژه به پشتیوانییە ماڵییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریسم لە ناوچەکەدا، باسی لەوە کردووە کە نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی تەنیا سەبارەت بە پشتیوانیی ئێران لە تێرۆریسم نییە، بەڵکوو ئەم نیگەرانییە زۆرتر بۆ بەرینتربوونەوەی تواناییەکانی ناوکیی ئێران دەگەڕێتەوە.

ناوبراو لە دانیشتنێکدا لەگەڵ "عەبدولـلەتیف ئەلزیانی"، بەرپرسی شۆرای هاوکاریی کەنداو، جەختی کردووەتەوە کە وڵاتانی عەرەبی و کەنداو، خوازیاری پێکهێنانی ئاشتی لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانن.

"ئەلعەساف" هەروەها باسی لەوە کردووە کە سیاسەتەکانی عەرەبستان ئاشکرایه و ئەم وڵاتە بەدرێژایی ٤٠ ساڵە کە داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە تاکوو پەیوەندییەکی ئاشتیخوازانەیان پێکەوە هەبێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لایەن زۆربەی وڵاتانی دونیاوە بە پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریسم و هەروەها دابینکەری سەرەکیی چەکوچۆڵی گرووپە توندئاژۆکانی ناوچەکە ناسراوە. هەر لەم پەیوەندییەشدا بوو کە ڕۆژێک پیش لە ڕۆژی دیاریکراو بە ناوی پاسدار لە ئێراندا، سپای پاسدارانی ئەم ڕێژیمە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە وەکوو تێرۆریست ناسێندرا.