کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی خامنەیی: باشترە حەشدی شەعبی بمێنێتەوە

17:50 - 27 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێبەری رێژیمی ئێران لە چاوپێكەوتن لە گەڵ سەرکۆماری عێراقدا، باسی لە مانەوەی حەشدی شەعبی لە عێراقدا کرد.

ڕۆژی شەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، بەرهەم ساڵح، سەرکۆماری عێراق بۆ یەکەمین جار لە خولی سەرکۆماریی خۆیدا سەفەری بۆ تاران کرد و لەم سەفەردا چاوپێکەوتنی لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێراندا هەبوو.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لەم چاوپێکەوتنەدا باسی لە حەشدی شەعبی کرد؛ ئەو لە قسەکانیدا خوازیاری ڕاگرتنی میلیشیا شیعەکانی ئەو وڵاتە، ناسراو به حەشدی شەعبی لە لایەن بەرهەم ساڵح و مانەوەی ئەم گرووپە کردووە.

قسەکانی خامنەیی سەبارەت بە مانەوەی ئەم گرووپە نیزامییە لە حاڵێکدایە کە پێشتر، باڵوێزخانەی ئامریکا لە شاری بەغداد، بە ئێرانی ڕاگەیاندبوو کە بۆ ڕێزگرتن لە سەروەری نەتەوەیی عێراق، ئیزنی وەرگرتنی چەکوچۆڵ و هەڵوەشاندنەوەی ئەم گرووپە شیعە و تێکەڵ کردنی لە گەڵ ئەرتشی عێراق بدات.

لەم سەفەرەدا و لە درێژەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئیزنی پرسیارکردن به هیچ ڕۆژنامەوانێک نەدرا، بەرهەم ساڵح و حەسەن ڕۆحانی سەبارەت بە پێوەندییە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە قسەیان کرد بەڵام هیچ باسێک لە گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران نەکرا.