کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی سۆرانی: کرێکاران توانای وەڕێخستنی ناڕەزایەتییەکی بەهێزیان دژی ڕێژیم هەیە

18:43 - 15 بانەمەڕ 2720

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

بە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئابووریی نێوەگیانی ئێران ئەوندی دیکە داڕماوە، هەندێک لە ئابووریزانان هەڵیان سەنگاندووە کە زرەر و زیانی پەتای کۆرۆنا دەتوانێت لە گەمارۆکان زۆر قورستر بێت.

بەهۆی مەندیی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان و بێکاری و گرانیی لە ڕادەبەدەر، خەڵکی ئێران و بەتایبەت چینی کرێکار کە پێش لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخی ژیانیان لەو پەڕی ناڵەباری دابوو، لە ئێستادا بە هۆی کاریگەری ئەم دۆخە تاڵترین ڕۆژەکانیان بەسەر دەبەن.

ڕۆژی جیهانیی کرێکاران ئەمساڵ لە دۆخێکدا بوو، کە زۆربەی کاروکاسپییەکان بەرەوداخران چوونە و هەزاران کرێکار لە کارەکانیان دەرکراون، بەپێی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ٢ ملیۆن ٨٠٠ کەس هەتا ٦ملیۆن کەس بێکار دەبن.

ئەوە لەحاڵێکدایە سەرەڕای کێشەکانی بژێوی ژیان، گوشارەکانی ئەمنییەتی وەکوو دۆسیەسازی، دەسبەرکردن و بانگیشت بۆ ئیتلاعات هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەرکرێکاران دروست کردووە.

لەو دیمانەیەدا ئەم بابەتەمان لەگەڵ کاک ''عەلی سۆرانی'' خستووەتە بەر باس و سەرەنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.

 ١- قەیرانی کۆرۆنا چ کاریگەرییەکی بەگشتیی لەسەر دۆخی ئابووریی نێوەگیانی ئێران و بەتایبەت  لەسەر ژیانی کرێکاران هەبووە؟

کۆرۆنا قەیران نییە، پانادێمییەکە کە دونیا و لەسەرووی هەموویەوە، ئابووریی جیهانی تووشی قەیران کردووە، چ بگات بە وڵاتێک وەک ئێران کە لە ڕیزی هیچ ئابوورییەکی ئەوتۆی جیهانیدا نییە. لە ڕاستیدا، پانادێمیی کۆرۆنا، ئابووریی زلهێزەکانی بەچۆکدا هێناوە، ئابووریی ئاڵمان، ئامریکا، چین، ژاپۆن و هەندێک وڵاتی ئورووپایی دیکە تووشی خەسارێکی یەکجار مەزن هاتوون. بە جۆرێک کە پسپۆڕان مەزندەی ئەوە دەکەن، وڵاتانی پیشەیی ساڵانێکی دوورودرێژ دەبێ باجی کۆرۆنا بدەن. ئیتر خۆتان حسێبی وڵاتێکی داڕماو لەباری ئابوورییەوە وەک ئێران بکەن کە چی بەسەر هاتووە. بۆیە لەم پێوەندییەدا چینی مامناوەندی و کرێکار لە ئێراندا، تووشی خەسارێکی گورچکبڕ هاتوون و لێکەوتەکانی ئەم خەسارە کاتێک زیاتر زەق دەبێتەوە کە دەوڵەت و حکوومەت، نەک تەنیا هیچ ئاسانکارییەکیان بۆ ژیانی خەڵک نەکردووە، بەڵکوو بۆ قەرەبووی ئەو خەسارە مادییەی بەر خەزانەکەیان کەوتووە، زیاتر لە جاران زەختیان لە خەڵک و چینی مامناوەندی و هەروەها کرێکاران کردووە.

٢- ئایا بە سەرنجدان بە وەی کە چەندین ساڵە کرێکاران لەهەمبەر پێشێلکردنی مافەکانیان بە هەموو شێوەیەک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، توانیویانە گەروویەک بکەنەوە هەتا بە داوکارییەکانیان بگەن؟

بەداخەوە نا. کرێکار لە ئێرانی ئێستادا، توانای دەنگ هەڵبڕینی نییە تا بۆ بیستنی دەنگەکەی لە دووی گەروویەک بگەڕێت. کرێکارێک کە لە مووچە و داهاتی ناڕازییە و مووچەکەی بەشی ژیانی ناکات، لە ڕاستیدا لەگەڵ مەرگ و نەماندا دەسەویەخەیە و سروشتییە کە مەجال و توانای ئەوەی نەبێ لە بەدوای گەروویەک بگەڕێ تا بەگژی زاڵمدا بچێتەوە. بەس ئەم پوتانسیەلە وەک هێزێکی لەبڕان‌نەهاتووە، لەمێژ ساڵە پەنگی خوواردووەتەوە و توانای وەڕێخستنی شەپۆلێکی بەهێزی دژی ڕێژیم هەیە.

٣- ژنانی کرێکار بەنیسبەت کرێکارانی پیاو له چ دۆخێک دان و گرینگترین داواکاراییەکانی ئەوان چییە؟

ژنانی کرێکار لە هەموو شوێنێکی جیهان زوڵمیان لێ دەکرێت. هەر ئێستا لە ئورووپا و ئامریکا ژنان لەبەرامبەر پیاواندا و لە کارێکی یەکساندا تا ١٠ لەسەد، کەمتر مووچە وەردەگرن. چ بگات بە ئێران کە بەپێی یاساکەیان و ئایینەکەیان، حسێب بۆ گرووپی کۆمەڵایەتی ژنان هەر ناکەن. بەداخەوە ژنانی کرێکار لە ئێراندا ١٠ قاتی کرێکارانی پیاو دەچەوسێنەوە. ئەم نەهامەتییە کاتێک دڵتەزێنتر دەبێت کە کەڵکاژۆی جنسییش وەک ئەهرۆمێکی فشار لەپێناو بەدەست هێنانی هەلی کار و خودی کاردا، بەردەوام بەسەر کرێکارانی ژنەوەیە. جیاوازیی کۆمەڵایەتی و هەژاریی فەرهەنگییش دوو فاکتۆری دیکەن، کە دەیسەلمێنن، ژنانی کرێکار لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخونددا، زیاتر لە هەر چین و توێژێکی دیکە غەدریان لێ دەکرێت و لەوپەڕی نالەباریی ژیاندان.

٤- هەرچەند پێش لە قەیرانی کۆرۆنا لە ئێران کرێکاران لە دۆخیکی زۆر نالەبار دابوون، بەڵام لە ئیستادا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆرێک لە کارەکان بەرەو داخران چوونە و ڕێژەی بێکاری هەروا بەرز دەبێتەوە، ئایا ناڕەزاییەتییەکی بەرینی کرێکاری چاوەڕوان دەکرێت؟ 

بەداخەوە بەهۆی ئەو بابەتەی کە لە پرسیاری دووهەمدا بە کورتی ئاماژەم پێکرد، لە کورتخایەندا ناتوانین چاوەڕوانی وەها دژکردەوەیەکی ئەوتۆ بین. بەڵام هەر وەک لە سەرێ باسمان کردووە، ئەم توانایە، واتە توانای ناڕەزایەتی دەربڕین و بەرەنگاربوونەوە، پۆتانسیلێکی پەنگخوواردووە کە دەتوانێ لە کاتی خۆیدا، ببێت بە دینامۆی شەپۆلێکی بەهێز.

٥- ڤایرۆسی کۆرۆنا گاریگەری لە سەر کار و ژیانی هەموو کرێکارانی جیهان داناوە، دۆخی کرێکارانی ئێران بەنیسبەت کرێکارانی جیهان چۆن هەڵدەسەنگینن؟

کرێکارانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بە تایبەت ئۆرووپا، دەسبەجێ لە لایەن دەوڵەتەوە هاوکاریی کران. کرێ ماڵیان بۆ درا، کرێی دووکانیان بۆ درا، پارەیەکی زیادە درا بە خاوەنکارەکانیان، تا بە هۆی کۆرۆناوە کەس بێکار نەکەن. هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو دەسبەجێ بە سەدان میلیارد دۆلاریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پانادێمیی کۆرۆنا تەرخان کرد و لەم نێوانەشدا، کرێکاران پشکی باشیان بەرکەوت. بۆ وێنە ئامریکا نزیک بە دوو هەزار میلیارد دۆلار، ئاڵمان نزیک بە هەزار میلیارد یۆرۆ. بەس هەموو هەوڵی ئێران ئەوە بوو بتوانێ وامێکی پێنج میلیارد یۆرۆی لە سندووقی نێونەتەوەیی دراو وەربگرێ کە نەیتوانی. ئەویش نەک بۆ ئەوەیکە سەرەفی خەسارەکانی کۆرۆنای کات، بەڵکوو بۆ ئەوەی بتوانێ مووچەی شەڕکەڕە بیانییەکانی سوپای قودسی پێ دابین بکات. بۆیە بەناچاری و لەسەر ئیزنی ڕێبەری تێرۆریستەکانی جیهان، دوو میلیارد دۆلاری لە خەزانەکەی سەرف کرد. بڕی ٦٥ دۆلاری دا بە هەموو بنەماڵەکان، دیارە ئەویش نەک بێ بەرامبەر، بەڵکوو وەک قەرز. لە حاڵێکدا وڵاتانی پێشکەوتوو، زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ یۆرۆیان بێ بەرامبەر بە کرێکارانی بەخشی کە بە هۆی کۆرۆنا کارەکانیان لەدەست دابوو. جگە لەمە هەموو ئاسانکارییەکیشیان بۆ کرا تا ئەم قەیرانە، چووکەترین کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانیان دانەنێ.

٦- قسەکانی حەسەن ڕووحانی لەبارەی شۆڕشی ٣٠ ملیۆن خەڵکی برسی لە ئێران نیشان دەری چییە؟

بە ڕای من نیشاندەری هەمان پوتانسیەلی پەنگخوواردووە کە لە کات و ساتی خۆیدا، دەتوانێ شەپۆلێک هەستێنێ، کە هیچ سپا و چەکوچۆڵ و هێزی سەرکوتێک نەتوانن پێشی پێ بگرن.