کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی شەمخانی داوای لە عێراق کردووە کە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە هەرێمی کوردستان دەر بکەن

11:56 - 20 گەلاوێژ 2721

''عەلی شەمخانی'' سەرۆکی شورای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژ، لە دیدار لەگەڵ ''فواد حوسێن'' وەزیری دەرەوەی عێراق داوای کردووە کە دەبێ حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەرێمی کوردستان دەر بکرێن.

لەو دانیشتنەدا ''شەمخانى'' سەرەڕاى هەڕەشە لە چالاکییەکانی ئەو حیزبانە، داواى لە وەزیرى دەرەوەى عێراق کردووە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمى کوردستان دەر بکەن و کۆتایی بە چالاکییەکانیان دژی ئێران بێنن.

ناوبراو وتوویەتی، داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکەین کە بەنیسبەت دەرکردنی ئەو حیزبانە لە هەرێمی کوردستان هەنگاو هەڵبگرن، هەتا ئێران ناچار نەبێت هەوڵی دەسپێشخەرانە دژی ئەو حیزبانە ئەنجام بدات.

هەروەها ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە گرووپی  تێرۆریستی ناو بردووە.

ئەو قسانەی شەمخانی لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای دەستێوەردان لە کاروبارەی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستەکان و ئەنجامدانی هەوڵی تێرۆریستی ئەو ناوچەی ناسەقامگیر کردووە و بەو هۆیەوە بەردەوام لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە هۆشداریی پێ دەدرێت.