
ڕۆژنامەی "فەرهیختەگان" بڵاوی کردووەتەوە "عەلی ئەردەشیری لاریجانی" ناسراو بە "عەلی لاریجانی" کە لەلایەن "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانەوە وەکوو بەرپرسی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ٢٥ ساڵەی نێوان ڕێژیمی ئێران و چین کە لەلایەن دژبەرانی ئەو ڕێککەوتننامەیە نازناوی "ئیران فرۆشی" پێدرابوو دەستی لەکار کێشاوەتەوە.
ڕەتکردنەوەی "لاریجانی" لەلایەن شورای نیگابانەوە بۆ بەربژێری لە سێزدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا کەلێکنێکی زۆری لەنێوان خامنەیی و ناوبراو دروست کرد
"لاریجانی" بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنامەیەی ڕادەستی دەسەڵاتی "ئیبراهیم ڕەئیسی" کردووە.
"ئیبراهیم ڕەئیسی" مانگی پووشپەڕ لە دوای نامەی پیرۆزبایی لەلایەن وڵاتی چین بەبۆنەی هەڵبژاردنی ناوبراو بۆ سەرکۆماری، جەختی لەسەر پێوەندی زیاتر و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ٢٥ ساڵەی ئێران و چین کردبووە و وتبووی ئەم ڕێککەوتننامەیە لە دەسەڵاتی خۆمدا دەکەم بە ڕێکار.
ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتننامەی هاوکاریی ٢٥ ساڵەی نێوان ڕێژیمی ئێران و چین، لەگەڵ ڕەخنەی زۆری خەڵکی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بەرەوڕوو بووە و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو ڕێککەوتننامەیان وەکوو "فرۆشتنی ئێران بە چین" وەسف دەکرد.
بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە کە دژبەران و ڕخنەگرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە "ئێران فرۆشی" ناوی دەبەن، بوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووریی، ئاوەدانی، پیشەیی، نیزامی و ئەمنییەتیی ئەو ڕێژیمەی بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەک دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.