کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی‌ئەکبەر ساڵحی لە بەر کەمبوونەوەی مووچەکەی دەناڵێنێ

12:48 - 8 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، بە ئاماژە بە کەمبوونەوەی مووچەکەی خۆی، باسی لەوە کردووە، کە گوشاری ئابووریی لە ئێراندا زیاد بووەتەوە و کێشەی دروست کردووە.

عەلی‌ئەکبەر ساڵحی، بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران و هەروەها جێگری سەرکۆماری ڕێژیم، سەبارەت بە گوشارە ئابوورییەکان هاتووەتە دەنگ و وتوویەتی: وەکوو مامۆستای زانکۆ، تا ساڵی ڕابردوو، ٣ هەزار دۆلار مووچەم وەردەگرت، بەڵام ئێستا مووچەکەم بووەتە ٧٠٠ دۆلار لە مانگدا.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: ئەمە بە ڕاستی گوشاری ئابوورییە؛ بزانن ئەو چینەکانی تری کۆمەڵگا چەندە لە ژێر گوشاردان.

ساڵحی لە سەفەرەکەی خۆی بۆ برۆکسێل، لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵدەریی یۆرۆنییوزدا، کێشە ئابوورییەکان و گوشاری ئابووری بۆ ساڵی ٥٧ و شۆڕشی گەلانی ئێرانی گەڕاندووەتەوە و وتوویەتی: ئەم گوشارانە باجی ئەوەیە کە ئێران و شارۆمەندانی ئێرانی بەو بۆنەوە دەیدەن، کە لە ساڵی ٥٧دا، ئێران بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ و بڕیاری دا که بەستراوە و گوێ لە مستی هیچ کەس نەبێت.

قسەکانی ساڵحی سەبارەت به مووچەکەی و کەمبوونەوەی مووچەکەی لە حاڵێکدایە، کە ئەو تەنیا لە پۆستی مامۆستایەکی زانکۆدا ئەوەندە پارەی وەرگرتووە و هیچ ئاماژەیەکی بە پۆستەکانی خۆی لە بەرپرسایەتییەکانی ڕێژیمدا نەکردووە و لە لایەکی تریشەوە هەر ئەو کەمبوونەوەیە کە ئەو وەکوو گوشاری ئابووری ناوی لێ دەبات، پارەیەکە کە چەندین بەرانبەری مووچەی چینە زەحمەتکێش و چەوساوەکانی کۆمەڵگایە، کە بەڕاستی لە ژێر گوشاری ئابوووریدا خەریکن گیان دەدەن و خودی بەرپرسانی ڕێژیمیش وڵامی ناڕەزایەتییەکان و داخوازییەکانیان به دەسبەسەرکردن و بێسەروشوێن کردن دەدەنەوە.