کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی‌ئەکبەر ساڵحی: ئەگەر بەرجام قازانجی ئابووریی بۆ ئێمە نەبێ، پیتاندنی ئۆرانیۆمی ٢٠ لەسەدی دەست پێ دەکەینەوە

11:05 - 7 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، هۆشداریی داوەتە یەکیەتیی ئورووپا و وتوویەتی: ئەگەر بەرجام قازانجی ئابووریی بۆ ئێمە نەبێ، پیتاندنی ئۆرانیۆمی ٢٠ لەسەدی دەست پێ دەکەینەوە.

عەلی‌ئەکبەر ساڵحی، بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی وتوویەتی: "ئەگەر ئێمە نەتوانین نەوتی خۆمان بفرۆشین و لە گواستنەوەی پارە لە تۆڕی ئابووریدا کەڵک وەرگرین، پێم وایە ئیدی ڕاگرتنی رێککەوتننامەی بەرجام بە قازانجی ئێمە نییە".

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی: "ئەگەر قازانجی بۆ ئێمە نەبێ، بۆچی دەبێ لە بەرجامدا بمێنینەوە. لە ئێراندا دەنگەکانی دژ به ئەم ڕێککەوتنامەیە هەر ڕۆژ بەرزتر دەبنەوە".

ساڵحی بە هۆشداریدان به یەکیەتیی ئورووپا رایگەیاندووە: که ئێمە دەتوانین پیتاندنی ئۆرانیۆمی ٢٠ لەسەدی سەرلەنوێ دەست پێ بکەینەوە و هەروەها دەتوانین بارستایی ئۆرانیۆمە پیتێنراوەکە زۆرتر بکەینەوە.

وڵاتی ئامریکا بە هاتنەدەرەوە لە بەرجام، لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا گەماڕۆوەکانی دژ بە وڵاتی ئێران وەگەڕ خستەوە؛ خولی دووهەمی گەمارۆوەکانیش کە ئامانجە سەرەکییەکەی کۆتایی بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بوو کە لە مانگی خەزەڵوەرەوە دەستی پێ کرد.

لە ڕوانگەی ئورووپاوە مانەوەی بەرجام هۆکارێکی سەرەکی و گرینگ بۆ دابینکردنی ئاسایشی نێونەتەوەیییە.