کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی: چاوپێکەوتنی خامنەیی و پووتین گرینگترین چاوپێکەوتنی مێژووی ئێران بووە

15:21 - 4 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: ویلایەتی، ڕاوێژکاری نێودەوڵەتیی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران چاوپێکەوتنی نێوان پووتین و خامنەیی بە گرینگترین چاوپێکەوتنی مێژووی ئێران وەسف کرد.

دوای سەردانی سەرکۆماری ڕووسیە وێلادیمێر پووتین لە رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، بۆ ئێران و چاوپێکەوتنی لەگەڵ خامنەیی لە تاران، ویلایەتی ئەو سەردانەی بە مێژوویی وەسف کرد و خامنەییش گوتی کە بوونی ڕووسیەیەکی بەهێز بە قازانجی تارانە.

لەو دیدارەدا دوو لایەن لەسەر پرسی سووریە ئاڵۆگۆڕێ بیر و ڕایان کرد و پووتین گوتی کە ئێمە پابەند بە ڕێککەوتنەکانین و بە پێچەوانەی هەندێک لایەن، ئێمە لە پشتەوەڕا خەنجەر لە کەس نادەین و لە پشتی پەردە هیچ کارێک دژی دۆستەکانمان ئەنجام نادەین.

عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی لە دڕێژەدا گوتی، ئەو دیدارە نیزیک بە دوو کاتژمێری خایاندووە و لە گفت‏وگۆکاندا باسی پرسی زۆر گرینگ و ستراتژی کراوە.

ناوبراو هەروەها گوتی کە لەسەر هاوکاریی دوو لایەنە لە بوارەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا ئاڵوگۆڕێ بیر و ڕایان کرد.

دوو وڵاتی ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران لە بواری هاوکاریی ستراتژیدا بە شێوەیەکی چڕ و پڕ هاوکاریی یەکتر دەکەن و لە سووریه بە پشتیوانی سەرەکیی بەشار ئەسەد ئەژمار دەکرێن و لە بواری نیزامیی و ماڵی، هاوکاریی هێزەکانی ئەسەد دەکەن.