کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلەمولهۆدا وتوویەتی ئەوانەی کە هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکەن موسوڵمان نین

13:03 - 8 جۆزەردان 2721

''ئەحمەد عەلەمولهۆدا'' پێشنوێژی هەینیی مەشهەد لە نوێژی هەینیی ئەو شارەدا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی لە کۆماری ئیسلامیدا بە واتای پشتکردن لە ئیسلام ناو بردووە و وتوویەتی، کەسانێک کە دەڵێن لە هەڵبژاردنەکان بەشداری ناکەن، موسوڵمان نین.

''عەلەمولهۆدا'' نوێنەری خامنەیی لە خوراسان و خەزوری ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' سەرۆکی دەزگای دادە و بەربژێری خولی نوێی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێرانە.

٢٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ بۆ جارێکی تر شانۆی بەناو هەڵبژاردنەکان لە ئێران بەڕێوە دەچێت کە بەپێی ڕاپرسییەکان تەنیا ٢٧ لەسەدی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن و زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییەکان و تەنانەت کەسانێک کە لە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران نزیکن هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان بایکۆت کردووە.

لە خولی ئەمجارەی بەناو هەڵبژاردنەکان لە ئێران ٧ کەس لەلایەن دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیرانەوە دەستنیشان کراون کە لەلایەن خەڵکەوە هیچ پێشوازییەکیان لێ نەکراوە.