کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

غالب حەبیبی: گوڕوتینی هێزی پێشمەرگە کاریگەریی ڕاستەخۆی دەبێت لە دروستکردنی فەزایەکی دڵنیاییدەر بە خەڵکی کوردستان لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕینیان دژی ڕێژیمی ئێران

13:56 - 27 بانەمەڕ 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

فەرماندەی یەگانی تایبەتی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، وتوویەتی کە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیگەلێک، چەشنی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ لە ئارادایە.

"حەسەن کەرەمی"، فەرماندەی یەگانی تایبەتی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، وتوویەتی، بە پشتیوانیگەلێک کە کراوە خۆمانمان بۆ سەرکوتی بەربڵاوی ئەو چەشنە خۆپیشاندانانە ئامادە کردووە و لە لانیزۆری کەرەستە و هێزمان کەڵک وەردەگرین.

یەگانی تایبەت پێکهاتوو لە یەگانە ئامادەکراوەکانی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم، لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاویدا دامەزراوە و لە بنەڕەتدا پۆلیسی دژەشۆڕشی ڕێژیمە و کونترۆڵی کۆبوونەوەکان و سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و کۆبوونەوەکانی دژ بە ڕێژیم لە ئەرکە سەرەکییەکانیەتی.

لەمبارەوە، وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز "غالب حەبیبی"، کادری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێناوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

١- بۆچی ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی دیکە لە ئێراندا لە ئارادایە؟

زۆر هۆکار دەتوانێت ببێتە داینەمۆی ناڕەزایەتیی گشتی لە هەر وڵاتێکدا. ئێران کە تووشی چەندین قەیرانی سیاسی، ڕەوایی و ئابوورییە، بەستێن بۆ ناڕەزایەتی لە هەموو کاتێک ئامادەیە. یەکێک لە سەرەکیترین قەیرانەکان کە دەتوانێت لە هەر وڵاتێک ببێتە هۆی ڕووخانی سیستمی حکوومەتداری، قەیرانی کارامەیی دەوڵەتەکان لە کونترۆڵ و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵکە. پێشتر هەر ١٠ ساڵ جارێک قەیرانێکی سیاسی بەرۆکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی دەگرت، ئێستا ئەو زەمەنە بۆ کەمتر لە ٥ ساڵ دابەزیوە و بەپێی هەندێک لێکدانەوە و سەرنجدان بە فاکتۆری ڕۆژانە وەک گەمارۆوە تاقەتپڕوکێنەکان، هەڵاوسان و کەلێنی نێوان بەڕێوەبەرانی سیاسی، پێشبینیی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی گشتی لە دۆخی شپرزەی ئابووری، زۆر ئاستەم و نەلواو نییە.

٢- سەرهەڵدانی دووبارەی خەڵک ئەگەری هەیە لە کام چین و لە کوێوە دەست پێ بکاتەوە؟

چینی ناوەڕاست کە لە هەموو کۆمەڵگەیەک، مۆتۆری جووڵەی وڵاتە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە ئێراندا بەهۆی بنجبەستی (بن‌ بست) سیاسی ــ ئابووری، بەرەو بچوکبوونەوە دەڕوات و لە بەرامبەردا توێژەکانی خوارەوە بەرەو قەبەبوون و بەربڵاوی دەچن. ئەمە پێمان دەڵێت کە ئەم خەڵکە ئیدی وەک چینی ناوەڕاست پابەندی هەندێک موحافێزەکاریی سیاسی و دانبەخۆداگرتنی ئابووری و گرتنەبەری ڕێکاری درێژخایەن نییە، بەڵکوو ئەو زەختە ئابوورییە دەبێتە هۆی پەنگخواردنی ناڕەزایەتی و تەقینەوەی لەناکاوی کە لە وێژەی ئابووریناسەکان بە زێوارنشینەکان (حاشیە‌نشینان) بەناوبانگە.

٣- بۆچی ئەم فەرماندەیەی ڕێژیمی ئێران لەم کاتەدا کە ئێران لەگەڵ پەتای کۆرۆنا دەستەویەخەیە، هەڕەشە لە خەڵک دەکات؟

لە وڵاتانی نادێمۆکراتیک، دامەزراوە تەناهییەکان زووتر و باشتر لە هەر دامەزراوەیەکی دەوڵەتی، پەی بە دۆخی ناوەوەی کۆمەڵگە دەبەن. مەبەستم ئەو شتەیە کە بە "زیر پوست شهر" ناسراوە. هێزە ئەمنی و ئینتیزامییەکان زۆر باش دەزانن کە کۆمەڵگە دەکوڵێت و خەریکە تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە، بۆیە وەک پیشەی هەمیشەییان هەوڵ بۆ ترساندن و دروستکردنی فەزای نائەمن دەدەن تا بە وتەی خۆیان "تمهیداتـ"ـیان بۆ دۆخی نەخوازراو کردبێت.

٤- وڵامی خەڵک بۆ ئەم هەڕەشانە چی دەبێت؟

وەک لە پرسیارەکانی پێشوو باسم کرد، دۆخی ئێران لە حاڵەتی ئاسایی خۆی و تەکووزمەندیی کۆمەڵایەتی (نظم اجتماعی) ترازاوە و لە توانا و تاقەتی خەڵک نەماوە کە قەیران لە دوای قەیران تەحەموڵ بکات. بۆیە پەرچەکرداری خەڵک سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەی دامەزراوە ئەمنی و نیزامییەکان، هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەربڕین بەم دۆخەیە و بێگومان لەم نێوەدا ئاستی توندوتیژییەکانیش دەچێتە سەرەوە.

٥- یەگانی تایبەتی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ چ ئەرکێکیان لە ئەستۆ بووە؟

بە کورتی، سەرکوتی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک. لە بواری شێوازی کاری ئەو هێزانە، لەم ساڵانەی دوایی توانایی و کەرەستەی سەرکوتیان چووەتە سەرەوە و توندوتیژییەکانیش عوریانتر(عریان) بوونە. چوونە سەری ئاماری قوربانییانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦ دەمانگەیەنێتە ئەو شرۆڤەیە کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئاخوندی زۆر لە تەشەنەسەندی ناڕەزایەتییەکان و بەشداریی کۆمەڵانی خەڵک دەترسێت، بۆیە ئامادەن تێچووی زۆر بدرێت بەڵام پێش بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی بۆ چین و توێژی دیکە و شار و ناوچەی دیکە بگیردرێت.

٦- سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان لەلایەن ئەم یەگانەی ڕێژیمەوە چ جیاوازییەکی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی ئێران هەیە؟

نابێ گومانمان لەوەدا هەبێت کە سەرکوت و هەڵاواردن لە کوردستان چەند قاتی ناوچەکانی دیکەی ئێرانە. هۆکاری ئەم سیاسەت و ڕێکارەی ڕێژیم زۆرن، بەڵام بە بۆچوونی من دوو هۆکار ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن؛ یەکەم ڕێکخستن، واتە لە کوردستان هەم ڕێکخستنی حیزبە سیاسییەکان بە لەبەرچاوگرتنی ڕابردووی تێکۆشانیان بوونی هەیە و هەمیش ئاستی هوشیاری و وریایی خەڵکە کە لە ڕێکخستنە مەدەنی و ناڕەزایەتییە گشتییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. دووهەم هۆکار، ئاستی توندوتیژییەکانی دژ بە خەڵکی کورد و دەنگدانەوەی ئەو کردارە هۆڤانە لە بیروڕای گشتیی ناوچە و جیهانە. ئەم دوو هۆکارە سەرەکییە، پەرچەکرداری توند و جیاوازی لێدەکەوێتەوە و پیاوان و دامەزراوە ئەمنی و ئینتیزامییەکان زیاتر و بەربڵاوتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بەرەڕووی خەڵکی ناڕازیی کوردستان دەبنەوە.

٧- لەهەمبەر ئەم هەڕەشانە، حیزبە کوردییەکان، بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان، چ ئەرکێکیان لە ئەستۆدایە؟

پێم وایە لە بواری ئیستراتێژیکدا، گوڕوتینی (تقویت) هێزی پێشمەرگە کاریگەریی ڕاستەخۆی دەبێت لە دروستکردنی فەزایەکی دڵنیاییدەر بە خەڵک کە ئێوە جووڵەتان پاڵپشت و هاوکاریی هەیە و کۆماری ئیسلامیش با بە باشی لەم دۆخە تێبگات. هەروەها کارگەلی دیکەش باندۆری گەلێ باشی دەبێت لە پاراستنی گیانی هاونیشتمانیان. یەکێک لەو کارانە دەتوانێت ئامووزشی ئۆسووڵیی ناڕەزایەتیی گشتی و کەڵکوەرگرتن لە کەرەستە و توانایی نوێ و سەردەمییانە بۆ ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و بەڕێوەبردنی بە کەمترین تێچووی مرۆیی بێت؛ لە پاڵ ئەوەشدا بردنە سەری تێچووی سەرکوت بۆ ڕێژیمی ئیسلامی بە ئاگادارکردنەوە و دانی زانیاریی ورد بە ڕێکخراوە جیهانییەکان، بەتایبەتی داکۆکیکارانی ماڤی مرۆڤ و مەحکوومکردنی ڕێژیمی ئیسلامی لە ناوەند و ڕێکخراوە جیهانییەکان.