کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فارێن پالیسی": زمانی هەڕەشە تەنیا ڕێگا بۆ ئاشتی لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانه"

12:17 - 9 خەزەڵوەر 2721

بە وتەی نووسەری بلاڤۆکی "فارێن پالیسی" ئامریکا، ئەگەر ڕێژیمی ئێران لە لێکەوتەکانی بەرەوپێشچوونی بەرنامەی ناوکیی زێدەخوازی خۆی ترسێکی نەبێت، دیپلۆماسیی ئامریکا سەبارەت بە ئەو ڕێژیمە کاریگەریی کەمتری دەبێت و ئاکامەکەی "مەترسیدار" دەبێت.

لەو بلاڤۆکە هاتووە، بە هەڵکشانی بەرچاوی چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لەژێر سێبەری سیاسەتەکانی دەوڵەتی "جۆ بایدن" ،تەنیا ڕێگای پێشگرتنی ئامریکا لە ئێران "کەڵکوەرگرتن لە زمانی هەڕەشەیە" و "تاران" بۆ ئەوەی پاشەکشە لە چالاکییە ناوکییەکانی بکات، دەبێ هەست بە هێرشی نیزامیی ئامریکا بۆ سەر خۆی بکات.

"دێنیس ڕاس" ئەندامی هەڵکەوتەی دامەزراوەی "واشنتۆن بۆ سیاسەتەکانی ڕۆژهەلاتی نزیک" لە وتارێکدا بۆ "فارێن پالیسی" ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی "بایدن" سەبارەت بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گرتووە و نووسیویەتی، ئەگەر ڕێژیمی ئێران ترسێکی لە بەرەوپێشبردنی بەرنامەی ناوکی نەبێت، دیپلۆماسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ناکارامە دەبێت و ئاکامی ئەو قۆناغە مەترسیدار دەبێت.

"ڕاس" لەو وتارەدا ڕوانگەی دەولەتی "بایدنـ"ـی سەبارەت بە ڕێژیمی ئیران لەسەر بنەمای "هاوکاریی تاران لەگەڵ کۆشکی سپی" لێک داوەتەوە و بردوویەتیە ژێر پرسیارەوە.

بە وتەی ناوبراو، لە حاڵێکدا ڕێژیمی ئێران بە پێشێلکردنی ڕێکارەکانی دیپلۆماسی سەبارەت بە خۆی، چالاکییە ناوکییەکانی بردووەتە پێشەوە، "واشنتۆن" چاوەڕوانی ئەوەیە لە دوای ڕێککەوتنی بەرجام ڕێککەوتنی درێژتر و بەهێزتری لەگەڵ "تاران" هەبێت.

هەروەها پیتاندنی ٦٠ لەسەدی و بەرهەمی "ئورانیۆمی کانزایی" لە ئێران کە درێژەی سیاسەتەکانی ئێستای ئامریکایە، دەرفەتێک بە ڕێککەوتنی زیاتر وەکوو دۆسیەی مووشەکە باڵستیکەکان و هەڵسوکەوتی تێکدەرانەی "تاران" لە ناوچەکە نادات.