کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"فایر ئای" سەبارەت بە هێرشی سایبێریی ئێران بۆ سەر ئاڵمان هۆشداریی داوە

16:15 - 26 رێبەندان 2719

لێکۆڵینەوەکانی شیرکەتێکی ئەمنییەتی سایبێری دەریخستووە کە ئاڵمان ئەگەری هەیە ببێتە ئامانجی هێرشە سایبێرییەکانی ئێران، ڕووسیە و چین.

شیرکەتی ئەمنییەتی سایبێریی "فایر ئای"، بەبۆنەی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ئەمنییەتیی "موونیخ"، لێکدانەوەی بارودۆخی ئەمنییەتی سایبێریی ئاڵمانیان لە ساڵی ٢٠٢٠دا کردووە و بەنیسبەت هێرشگەلێکی سایبێری بە پشتیوانیی دەوڵەتی، هۆشدارییان بە ئاڵمان داوە.

ئەو شیرکەتە ئەمنییەتییە لە ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا بەو ئامانجە گەیشتووە کە  ئاڵمان، بەهۆی گرینگیی سیاسی و ئابووریی لە ئورووپا و جیهاندا، ئامانجێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئەو هێرشانەیە کە لەژێر چاوەدێریی وڵاتگەلێک وەک ڕووسیە، چین و ئێران بەڕێوە دەچێت.

ئەو شیرکەتەی ئەمنییەتی سایبێری، لەم دواییانەدا شایەتی چڕتربوونەوەی چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو بوارەدا بووە کە هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ "زۆربوونەوەی ناکۆکییەکان لە جیهاندا".

"فایر ئای"، جارێکی دیکەش ڕێژیمی ئێرانی بە هێرشی سایبێری لە خەرمانانی ساڵی ٩٧ی هەتاویدا تۆمەتبار کردبوو کە وتبووی، گرووپێک لە هەکێرەکان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، شیرکەتە گەورەکانی وزەیان لە جیهاندا کردووەتە ئامانجی هێرشە سایبێرییەکانیان.