کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فائیزە هاشمی داوا دەکات سپای پاسداران لە لیستی گەمارۆکانی "ئامریکا"دا بمێنێتەوە

12:59 - 29 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خاکەلێوە ''فائیزە هاشمی'' کچی ڕەفسەنجانی سەرەڕای ڕەخنەگرتنی توند لە سپای پاسداران وتوویەتی: '' تەنیا ڕێگای گەڕاندنەوەی سپای پاسداران بۆ پادگانەکان، مانەوەی لە لیستی گەمارۆکانی ئامریکایە".

فائیزە هاشمی وتوویەتی: ''هاتنەدەری سپای پاسداران لە لیستی گەمارۆکان بە قازانجی بەرژەوندیی خەڵک نییە''.

ناوبراو بە ئاماژە بە هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر هەولێر وتوویەتی: ''ئەوە یەکەمین جارە کە سپای پاسداران زۆر بە ئاشکرایی هێرش دەکاتە سەر وڵاتێکی دراوسێ، پێشتر سپای پاسداران هێرشەکانی لە ڕێگای میلیشیا چەکدارەکانی لە ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ ئەنجام دەدا''.

فائیزە هاشمی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر هەولێر،سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بابەتی سپای پاسداران یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکانە لەبەردەم وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.

ناوبراو پێشتریش پشتیوانی لە سیاسەتی ''ئەوپەڕی گوشاری'' دانڵد ترامپ، سەرکۆماری پێشووی ئامریکای کردبوو و پێی وایە کە دەبێ سپای پاسداران کۆتایی بە کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکدا بهێنێت.

هەڵویستی فائیزە هاشمی لە حاڵێکدایە کە ڕەخنەگرەکانی ڕێژیمی ئێران ئەو بوێریەیان نییە لەنێوخۆی ئێراندا ئاوا ڕاستەوخۆ هێرش بکەنە سەر سپای پاسدارانی ڕێژیم و داوای مانەوەی ئەو ڕێکخراوەیە لە لیستی گەمارۆکانی ئامریکادا بکەن.