کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فایزە هاشمی: ئیبراهیم ڕەئیسی بووکەڵەیەکە لە دەستی کۆمەڵێک کەسدا

10:46 - 21 بەفرانبار 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانبار، "فایزە هاشمی" نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران و کچی "ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی"، لە وتووێژێک لەگەڵ "دیدەبانی ئێران" وتی، "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیم وەکوو بووکەڵەیەکە لە دەستی کەسانێک کە لە پشتەوە دەوڵەت ئیدارە دەکەن و خۆی هیچ کارەیە.

"فایزە هاشمی" کە خۆی لە بەرەی دژبەرانی "بەیتی ڕێبەریی ئێران" دەبینێت، پێی وایە کە "ڕەئیسی" کەرەستەیەکە کە کۆمەڵێک کەس یاریی پێ دەکەن و خۆی هیچ ئەزموونێکی کاری بەڕێوەبەریی نییە.

بە وتەی "هاشمی"، نیزامییەکان بە تەواوەتی دەستیان بەسەر دەوڵەتی "ڕەئیسیـ"ـدا گرتووە و هەموو پۆستەکان وەکوو پارێزگا، فەرماندار و تەنانەت بەخشدارەکانیش ڕابردوویەکی نیزامییان هەیە.

ئەم نوێنەرەی پێشووی مەجلیسی ڕێژیم بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، پێی وایە کە دەستێوەردانی ئێران لە سووریە و یەمەن بووەتە هۆی کوشتی سەدان هەزار کەس و ئێران دەستی داوەتە "کوشتنی موسڵمانان".

کارناسان لەو باوەڕەدان کە ئەم وتەگەلەی کچی هاشمی تەنیا هەوڵێکە بۆ وەرگرتنەوەی پشکی خۆیان لە ئینقلاب، نەک خەمخۆری بۆ خەڵکی ئێران.