کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرۆشتنی نەوتی ڕێژیمی ئێران تووشی کێشەی جیددی بووە

13:55 - 15 خەرمانان 2720

جێگری سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران دانی بەوەدا ناوە کە ناتوانن یەک دڵۆپ نەوت بفرۆشن، لە حاڵێکدا پێشتر بەرپرسانی ڕێژیم دەیانوت کە گەمارۆکانی ئامریکایان شکست داوە.

''محەممەدباقر نەوبەخت'' جێگری سەرکۆمار و بەرپرسی ڕێکخراوی بەرنامه و بودجەی ڕێژیمی ئێران لەمبارەوە ڕایگەیاندووە توندترین قۆناغی گەمارۆکان، گەمارۆی نەوت لە بەرامبەر خۆراکدایە، بەڵام ئێستا ئیزن بە ئێران نادرێت کە یەک دڵۆپ نەوت بفرۆشرێت.

ناوبراو وتوویەتی کە لە دۆخی ئێستادا ئەگەر نەوت بە فرۆشیش بگات، ئیمکانی ئاڵوگۆڕی ماڵی نییە.

ئەم قسانەی ''نەوبەخت'' لە حاڵێکدایە کە بەپێی ڕاگەیەندراوی پێشووی ئامریکا، دەرمان و خۆراک گەمارۆی نەخراوەتە سەر و هیچ وڵاتێک لە ناردنی خۆراک و دەرمان بۆ ئێران پێشی پێ نەگیراوە.

''دانڵد ترامپ'' سەرکۆماری ئامریکا هاوکات لە هاتنەدەرەوە لە ڕێککەوتنی بەرجام و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە سیفر دەگەیەنێت. 

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕێژیمی ئێران ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بە شێوەی قاچاخ دەفرۆشێت کە بەهۆی گەمارۆوە بانکییەکان ناتوانن پارەی ئەو ڕێژە کەمەی نەوت وەرگرن.