کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرۆشتنی کەیک لە بووفەی قوتابخانەکانی کرماشان قەدەغە کراوە

10:54 - 5 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: لە بووفەکانی قوتابخانەکانی پارێزگای کرماشان فرۆشتنی کەیک بەهۆی هەبوونی حەب لەنێویاندا قەدەغە کراوە.

کارناسێکی ناوەندی تەندروستیی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە، بەهۆی دۆزینەوەی حەب لەنێو هەندێک لە کەیکەکاندا لە پارێزگای کرماشان، فرۆشتنی کەیک لە بووفەی قوتابخانەکان تا ئاگاداریی دواتر قەدەغەیە.

ئەو کارناسە هەروەها وتوویەتی کە سەرچاوە و هۆکاری هەبوونی حەب لەنێو کەیکەکاندا هێشتا ڕوون نەبووەتەوە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە، ٤٢ حاڵەتی حەب لەنێو کەیکدا لە پارێزگای کرماشان بینراوەتەوە کە گوایە تاقیکارییەکان نیشانیان داوە کە هیچ یەک لەو حەبانە ژەهراوی نەبوونە.

کارناسی ناوەندی تەندروستیی کرماشان هەروەها وتوویەتی، هیچ حاڵەتێکی ژەهراویبوون یان زیان بەرکەوتن بەهۆی بەکارهێنانی حەب لە کەیکەکاندا لە پارێزگای کرماشان ڕووی نەداوە.

ئەو قسانەی کارناسی ناوەندی تەندروستیی کرماشان لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی هەبوونی حەب لەنێو کەیکدا و بەکارهێنانیان، ١٧ کەس لە ورمێ ژەهراوی بوونە.

بەناو بەرپرسانی ڕێژیم بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بێکیفایەتییەکانی خۆیان، هەمیشە هەوڵ دەدەن بارودۆخ بە شێوەیەکی ئاسایی وێنا بکەن و ئەمە هیچ مەرهەمێک لەسەر دەردەکانی کۆمەڵگا دانانێت.