کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرۆشتنەوەی کەرەستەی خانووبەرە بە نرخێکی گران بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان

18:55 - 28 پووشپەڕ 2720

خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان بۆ کڕینی کەرەستەی خانووبەرە لەلایەن ڕێژیمەوە غەدریان لێ دەکرێت.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی "زەڕین جووب" سەر بە شاری "سەرپێڵ زەهاو"، کەرەستەی خانووبەرەی بە نرخێکی زۆر بە خەڵکی بومەلەرزەلێدراو فرۆشتووە و لەلایەن خەڵکەوە سکاڵای لێکراوە.

خەڵکی لێقەوماوی کرماشان لەلایەن ڕێژیمەوە سیمانیان بە گران پێ فرۆشراوە.

ئەو دووکاندارە دوای ماوەیەک لە بەرانبەر پێدانی سیمان بڕی یەک میلیارد تمەنی لە خەڵکی "سەرپێڵ زەهاو" وەرگرتووە و هەڵهاتووە.

لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی وەزارەتی مەسکەن و شارسازی دەریخستووە کە لە بوومەلەرزەکەی کرماشاندا ٣٠ هەزار و ٥٠٠ خانوو ڕووخاون کە لەو ڕێژەیە ١٦ هەزار خانوویان بە تەواوەتی وێران بوونه و بۆ نۆژەنکردنەوە نابن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە میدیاکاندا باس لەوە دەکەن: "خانووە ڕووخاوەکانی بوومەلەرزەلێدراوانمان چاک کردووەتەوە، بەڵام ڕاستییەکان لە زاری خەڵکی لێقەوماوەوە دەردەکەوێت".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لەوەی هیچ ئاوڕێکی لە بارودۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان نەداوەتەوە، لەسەر خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ئەو پارێزگایە پڕوپاگەندە و چەواشە بڵاو دەکاتەوە.