کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرۆشی نەوتی ئێران بە چین بەهۆی ڕکابەریی ڕووسیە زیاتر لە ٢٥ لەسەد دابەزیوە

19:15 - 7 جۆزەردان 2722

هەواڵدەریی ''سی ئێن ئێن'' باسی لەوە کردووە کە بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی وزە و هەوای پاک، لە کاتی دەسپێکی شەڕی ئۆکراین، چین زیاتر لە ٧ میلیارد یۆرۆ نەوتی خاوی لە ڕووسیە کڕیوە.

ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی هەینی ٦ی جۆزەردان لە ماڵپەڕی ئەو کاناڵەی ئامریکا بڵاو بووەتەوە، باس لەوە دەکات کە فرۆشی نەوتی ئێران بە چین، بەهۆی ڕکابەریی ڕووسیە زیاتر لە ٢٥ لەسەد دابەزیوە، هەروەها هەناردەکردنی نەوتی ڕووسیە بۆ چین بەرز بووەتەوە.

شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن کە شەڕ لە ئۆکراین بووەتە هۆی ئەوەیکە ئێران و ڕووسیە وەکوو دوو وڵاتی گۆشەگیر لەسەر کڕیارانی نەوت ڕکابەری بکەن.

دیپلۆماتەکانی ئورووپا لە هەوڵدان بەم زووانە لەسەر ڕاگرتنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیە بۆ یەکیەتیی ئورووپا بە ڕێککەوتن بگەن؛ لە ئەگەری وەها ڕێککەوتنێک ڕووسیە لە گەورەترین بازاڕی نەوتی خۆی بێبەش دەبێت.

ئێرانیش بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا لە هەناردەکردنی نەوتی خۆی لەگەڵ کێشەیەکی زۆر بەرەوڕووە و ناتوانێت بە ئازادانە نەوتی خۆی هەناردەی وڵاتان بکات.

وڵاتی چین لە دوو ساڵی ڕابردوودا کڕیاری یەکەمی نەوتی ئێران بووە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی شەڕی ئۆکراین و دانانی گەمارۆ لەسەر ڕووسیە، چاوەڕوان دەکرێت لەنێوان ئێران و ڕووسیە ڕکابەریی جیددی لە بازاڕەکانی جیهاندا پێک بێت.

پێشتریش هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' باسی لەوە کردبوو کە نەوتهەڵگرەکانی ئێران بە هەڵگرتنی ٤٠ ملیۆن بەرمیل لە هەوڵی دیتنەوەی کڕیار لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیان، هەر بۆیە ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوتی خۆی هەر بەرمیل نەوت بە ٢٠ دۆلار هەرزانتر دەدات.

لە دوای دابەزینی فرۆشی نەوتی ئێران بە چین بەهۆی داشکانی زۆری نرخی نەوتی ڕووسیە، ڕۆژنامەی شەرق ڕۆژی ١ی جۆزەردان باسی لەوە کردبوو کە نەوتی هەرزانتری ڤێنێزۆئێلاش بووەتە ڕکابەری ئێران.