کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا هێرشی ڕاکێتی کرایە سەر

11:28 - 4 رێبەندان 2720

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندان، بە مووشەکی کاتیۆشا هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا که ئەو هێرشە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئامریکاوە لە بنکەی نیزامیی ''ڤیکتۆری'' لە نزیک ئەو فڕۆکەخانەیە؛ تێک شکێندرا.

دوای هاتنە سەر کاری ''جۆ بایدن'' ئەوە یەکەم هێرشی مووشەکییە بۆ سەر فڕۆکەخانەی بەغدا.

لەو هێرشە مووشەکەییدا  یەکێک لە مووشەکەکان لە گەڕەکی ''جیهادی'' لە نزیک فرۆکەخانەی بەغدا کەوتووەتە خوارەوە.

بە دوای ئەو هێرشەدا، هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی سەکۆی هاویشتنی ئەو مووشەکانە هەڵمەتێکی فراوانی ئەمنییان لە ناوچەکەدا دەست پێ کردووە.

لە سەرەتای مانگی ژانەویەی ساڵی ٢٠٢٠ بە داوی کوژرانی ''قاسم سلێمانی'' فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئامریکاوە، هێرشی ڕاکێتی بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا و باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە عێراق، بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.