کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرەڕەهەندیی ڕاسان

18:38 - 17 گەلاوێژ 2719

کۆساڵان

ڕاسان کە دەسپێکی دووبارەی خەبات بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە ناوزەد کراوە، دەخوازێت زۆر بە لێبڕاوانەتر لە جاران پانتایی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لە موکریان، سنە و سەقز و مەریوان و هەورامان و هەموو ئەو ناوچانەی کە پێشتر ڕۆحی ڕزگاریخوازانەی کورد تێیدا بیچمی گرتبوو، قەتیس نەکاتەوە بەڵکوو بە خوێندنەوەیەکی وردبینانەتر بڕوانێتە ئیلام و کرماشان و لوڕستانیش. دیارە کوردستان لە لایەن داگیرکەرانەوە تەنیا نەبووەتە ئامانجی هێرشی فەرهەنگی، بەڵکوو زۆر سیستماتیکتر لەبارەی جوگرافیای کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی جیاکردنەوەی ئەم ناوچانە داوە. کە باس لە جوگرافیا دەکرێ لێرە مەبەست سنووری وشک و برین نییە بەڵکوو مەبەست سەرمایەی مرۆییە کە لێرە گرنگی دەدات بە سنوور. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تا ڕادەیەکی بەرچاو توانیویەتی کەلێنێکی گەورە لەو ناوچانەی کە کەمتر تێکاڵای شۆڕش بوون، دروست بکات.

لێرە دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کە کارتێکەری پرۆژەی فەرهەنگی وا دەکات دابڕانی جوگرافیش بە هەموو هێزی مرۆییەوە زووتر ڕووبدات.

ئەگەرچی کورد وەک دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بەرەنگاری هێرشی فەرهەنگی بێتەوە، بەڵام تەنیا خاڵێک کە دەتوانێت گرێدراوی ئەو ناوچانە پێکەوە ببەستێتەوە بوونی هێزی پێشمەرگەیە لەو ناوچانە.

هێزێک کە هەڵقوڵاوی چینی کۆمەڵگایە و پێشەنگی هەموو ئاڵووگۆڕێکە و زامنی بەها مرۆییەکانە. کەواتە ئەرکدارکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەم مەبەستە زۆر ژیرانە خەریکە لە لایەن بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردەوە دێتە ئاراوە کە ئەمە خاڵێکی زۆر گرینگی ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو دەبێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک لە لێدوانی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی خۆیدا ئاماژەی پێداوە، پانتایی سنووری پێشمەرگە بۆ لای لوڕستانیش شۆڕ دەبێتەوە، ئەمە دەسپێکی ئەو گرنگایەتییەیە کە دەبێ ڕاسان بتوانێ شوێندانەری ئەم پرۆژەیە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان بسەلمێنێ، ئەمەش وەک باس کرا تەنیا بە حوزووری ئەم هێزەیە لەم ناوچانە کە دەتوانێ کەلێنی دابڕان تیمار بکات و هەست و خرۆشی کپکردووی لوڕستان و کرماشان و ئیلام بێنێتەوە نێو جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان.

ئەگەر تۆزێک بە مەنتقەوە بڕوانینە بوونی هێزی پێشمەرگە لە لوڕستان و کرماشان و ئیلام، ئاشکرایە برنامەی داڕێژراوی دەوێت تاکوو بتوانرێ بەبێ خەساری گیانی، ئەم هێزە پێشەنگە بەرە بەرە ئامانجی خۆی بپێکێ، بۆیە فرەڕەهەندیر ڕاسان دەتوانێ کارئاسانی بۆ ئەم بەرنامە داڕێژراوە بکات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.