کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کرایە ئامانجی هێرشی مووشەکی

12:18 - 17 خەرمانان 2720

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دیسانەوە بە مووشەک و کاتیوشا کرایە ئامانج و زیانی ماددیی لێکەوتەوە.

کۆمیتەی زانیارییەکانی وەزارەتی نێوخۆی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانان بڵاوی کردووەتەوە کە بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر پارکینگی ماشینی کەسانی مەدەنی و زیانێکی ماددیی زۆری لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، ئەو مووشەکانە لە ناوچەی "ئەلزەیتوون و ئەبوو غۆرەیب" هاوێژراون.

ئامریکا ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن به‌ ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کردووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چەندین هێرشی مووشەکی شوێنە دیپلۆماسییەکان و بنکەی سەربازانی بیانی و باڵوێزخانەی ئامریکایان کردووەتە ئامانج.