کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەکانی سەر بە سپای پاسداران چەک بۆ حیزبوڵڵای لوبنان دەگوازنەوە

13:16 - 14 خەرمانان 2718

 کوردستان میدیا: لە یەکێک لە هێڵە ئاسمانییەکانی ڕێژیمی ئێران کە سپای پاسداران بەڕێوەی دەبات، چەکوچۆڵی پێشکەوتوو بۆ حیزبوڵڵای لوبنان دەنێردرێت.

کەناڵی هەواڵی فاکس لە ڕاپۆرتێکییدا بڵاوی کردووەتەوە، کە لە یەکێک لە هێڵە ئاسمانییەکانی ڕێژیمی ئێران بەناوی "ئایر قشم" لە جەزیرەی قشم، کە دەستەی بەڕێوبەرییەکەی لە چەند ئەندامێكی پێشووی سپای پاسداران پێک دێت، دەستی لە گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ حیزبوڵڵای لوبنان هەیە.

فاکس نیوز لە زاری هەواڵدەرییە ڕۆژئاواییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە کۆمپانیای ئاسمانیی "ئایر قشم" کە پازدە ساڵ پێش بە سەرمایەکی تایبەت دروست کراوە، بە هاوکاریی سپای قودس و کارخانەکانی دروستکردنی چەکوچۆڵ لە ئێراندا لە قاچاخی چەکوچۆڵ بۆ حیزبوڵڵای لوبنان دەستی هەیە.

ئەم سەرچاوە ڕۆژاوئاییانە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ئاشکرایان کردووە، کە لە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕ دوو جێتی جۆری بوئینگ ٧٤٧ی سەر بەم کۆمپانیا ئاسمانییە، لە فڕۆکەخانەی تارانەوە فڕیون و دواتر بۆ ماوەیەکی کورت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دێمشق نیشتوونەتەوە و پاشانیش لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیرووت نیشتوونەتەوە.

باس لەوە دەکرێت کە ئەم فڕۆکانە کەرەستەی پێویستیان بۆ دروستکردنی چەکی پێشکەوتوو لە کارخانەکانی ئێران لە لوبناندا پێ بووە.

لە هەمان ڕاستادا هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی خەرمانان بڵاوی کردەوە، کە ڕێژیمی ئێران مووشەکی دوورهاوێژی بالستیکیی ڕەوانەی خاکی عێراق کردووە و ڕادەستی میلیشیا شێعەکانی ئەو وڵاتەی کردووە، کە ئەم کارەی ڕێژیم کاردانەوەی توندی بەرپرسانی ئامریکای لێ کەوتەوە.