کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەکانی ڕێژیم لە دابینکردنی سووتەمەنیدا تووشی کێشە بوونە

14:09 - 11 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، فڕۆکە موسافربەرییەکانی ئێران لە وڵاتانی دەرەوەدا، بەرەوڕووی کێشەی گەیاندنی سووتەمەنی بوونەتەوە.

"مورتەزا دێهقان"، جێگری هەوانەوەردی و کاروباری نێونەتەویی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردووە کە به هۆی گەمارۆکانی ئامریکا، هەندێک لە وڵاتان لە گەیاندنی سووتەمەنی بۆ شیرکەتەکانی فڕۆکەوانیی ئێران خۆ دەبوێرن.

نابراو باسی لەوە کردووە کە ئەگەر سووتەمەنی بە فڕۆکەکانی ئێران نەدرێت، ئەوە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بەو مانایەیە کە خەڵکی ئێران پەیوندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دیکە بپچڕێت.

فڕۆکەکانی ڕیژیمی ئێران، چەند ساڵ لەمەوپێشیش، لە دابینکردنی سووتەمەنیی فڕۆکەکان لە وڵاتانی دەرەوە، تووشی کێشە ببوون.

لە پەیوەندی لەگەڵ کێشەی سووتەمەنیی فڕۆکە موسافربەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە نوێترین حاڵەتدا، فڕۆکەیەکی ڕێژیمی ئێران لە حاڵی چوون بۆ شاری فرانکفۆرتی وڵاتی ئاڵماندا، ناچار بووە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، لە شاری "ئانکارا"ی پێتەختی تورکیەدا، بنیشێتەوە.

پێشتریش، ئامریکا چەند شیرکەتی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئیرانی بە تاوانی خزمەتگوزاری بە هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و گواستنەوەی چەک و هێزەکانی ئەم ڕێکخراوەیە بۆ لوبنان و سوریە و هەروەها ئاسانکاری و پاڵپشتی لە هێزی تێرۆریستی سپای قودس و پاڵپشتی لە تێروریزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، خستووەتە نێو لیستەی گەمارۆکان و داوای لە‌ وڵاتانی ئورووپا کردبوو کە هاوشێوەی ئامریکا، هه‌نگاو بنێن.