کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکەی حووسییەکان لەنێو برا

11:36 - 13 رەشەمه 2720

هاوپەیمانیی عەرەبی کە پشتیوانی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن دەکات، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە بۆمبڕێژ کرابوو و بەرەو ناوچەی باشووریی پادشایی عەرەبی دەڕۆیشت، خستە خوارەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیی سەعوودی، سەرتیپی ستادی "تورکی ئەلمالکی" وتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی، ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی هاوپەیمانی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی میلیشیا چەکدارە حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە بەرەو ناوچەی باشووری سەعوودی دەڕۆیشت، لەنێو بەرن.

"ئەلمالکی" سەرەڕای ئەوەی کە هێرشە بەرنامە بۆ داڕێژراو و بەقەستییەکانی حووسییەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیلی بە "جینایەتی شەڕ" ناو لێ بردبوو، ڤیدیۆیەکیشی لە کاتی بەدواکەوتن و لەنێوبردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی بڵاو کردەوە.

فەرماندەیی هاوبەشی هاوپەیمانی جەختی کردووەتەوە کە ڕێووشوێن و هەوڵی کردەیی پێویست بۆ بەرگری لە خەڵکی سڤیل و شوێنی ژیانی خەڵکی ئاسایی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆڤانەکان و یاسا باوەکانیان گرتووەتە بەر.

هێزە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن بەهۆی هێرشە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانیان بۆ سەر خەڵک و ناوچە سڤیلەکان، لەلایەن زۆربەی وڵاتانی عەرەبییەوە مەحکووم کراون.