کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەیەکی دیکەی ئەرتشی ڕێژیمی ئێران کەوتە خوارەوە

12:09 - 29 جۆزەردان 2722

ئەرتشی ڕێژیمی ئێران کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی لە جۆری ''ئێف ١٤'' لە ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردان، بەهۆی کێشەی تەکنیکی پشتڕاست کردەوە.

''ڕەسووڵ موعتەمێدی'' بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی ئەرتش لە ئیسفەهان وتوویەتی کە مۆتۆری ئەو فڕۆکەیە لە کاتی ڕا‌‌هێناندا لە ناوچەی پایەگای هەشتمی شکاریی ئیسفەهان لەکار کەوتووە و کەوتووەتە خوارەوە.

بە وتەی ناوبراو، کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە زیانی گیانیی نەبووە و فڕۆکەوان و یارمەتیدەرەکەی بە چەتر هاتوونەتە خوار و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئەمە دووەمین ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە لە ئیسفەهانە، ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردانیش فڕۆکەیەکی لە جۆری ''ئێف ٧'' لە شاری ''نائین'' لە پارێزگای ئیسفەهان کەوتە خوارەوە و دوو فڕۆکەوان کوژران.

هەروەها مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووش کەوتنەخوارەوی فڕۆکەیەکی لە جۆری ''ئێف ٥'' لە شاری تەورێز سێ کوژراوی لێ کەوتەوە.

ناوگانی ئاسمانیی ڕێژیمی ئێران زۆر پرتووکاوە و تەمەنی فڕۆکەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵ دەگەڕێتەوە و بەهۆی گەمارۆکان ڕێژیمی ئێران ناتوانێت ناوگانی ئاسمانیی خۆی نوێ بکاتەوە.