کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕین بەسەر ئاسمانی ئێراندا مەترسیدارە

12:06 - 21 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: هەندێک لە وڵاتانی جیهان پاش خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی بە مووشەک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، فڕینی فڕۆکەکانیان بەسەر ئاسمانی ئێرانەوە ڕاگرت.

پاش پێکانی فڕۆکەی ئۆکراینیی "بووئینگی ٧٣٧"، پەروازی ٧٥٢، بە مووشەک لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ئەمنییەتی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران کەوتە کێشەوە و بەو هۆیەوە، هەندێک لە وڵاتانی ئورووپایی، فڕینی فڕۆکەکانیانیان بەسەر ئاسمانی ئێرانەوە ڕاگرت.

شیرکەتی گەورەی فڕۆکەوانیی "لوفتهانزا"ی ئاڵمان، ڕۆژی هەینی، ٢٠ی بەفرانبار ڕایگەیاند، بەهۆی بارودۆخی ناڕوونی ئەمنی، لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تاران، ئەو شیرکەتە فڕینەکانی بۆ پێتەختی ڕێژیمی ئێران هەتا ڕۆژی ٢٠ی ژانوییە ڕاگرتووە.

ئاژانسی گواستنەوەی سوئێد ڕایگەیاندووە، تەواوەتی فڕینەکانی شیرکەتە فڕۆکەوانییەکانی ئێران بۆ سوئێدی تا ئاگادارکردنەوەی دواتر ڕاگرتووە.

فڕینی فڕۆکەکانی شیرکەتە فڕۆکەوانییەکانی ڕووسیە و ئۆکراینیش لە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی بەفرانبارەوە بەسەر ئاسمانی ئێراندا ڕاگیراوە.

هەروەها شیرکەتی فڕۆکەوانیی "ئۆتریش ئەیرلاینز"، بەپێی ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە دۆخی ئەمنییەتیی ئاسمانی ئێران، فڕینی فڕۆکەکانی خۆی لە ڕۆژی هەینی، ٢٠ی بەفرانباردا، بۆ ئێران ڕاگرت.

پێشتریش دوابەدوای هاتنەدەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، دوو شیرکەتی فڕۆکەوانیی "ئەیرفرانس" و "بریتیش ئەیرویز" بۆ ئێران ڕاگیراوە و ئەو دوو شیرکەتە بەنیسبەت فڕینی فڕۆکەکانی دیکەی ئەو شیرکەتە هۆشداریی دابوو.

هەروەها "دومینگ ڕاب"، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، ڕۆژی هەینی، ٢٠ی بەفرانبار، بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک داوای لە خەڵکی بریتانیا کرد کە لە هەر جۆرە سەفەرێک بۆ ئێران خۆیان ببوێرن.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران دانی بەوەدا داناوە کە سپای تێرۆریستی پاسداران ئەو فرۆکەیەی بەهۆی پێکران بە مووشەک بەرداوەتەوە، جەختی لەسەر هەبوونی ئەمنییەتی ئاسمانی کردووەتەوە.