کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕینی فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکەدا ڕاگیرا

12:14 - 18 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و چەند وڵاتی دیکە فڕینی فڕۆکەکانیان بەسەر ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەتایبەت ئێران و عێراق ڕاگرت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، پاش هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە نیزامییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، فڕینی فڕۆکە موسافیربەرییەکانی بەسەر هەرێمی ئاسمانیی: "عێراق، ئێران، ئاوەکانی کەنداو، کەنداوی عومان و ئاوەکانی نێوان ئێران و عەرەبستانـ"ـەوە ڕاگرت.

ئامریکا بە شیرکەتە موسافربەرییەکانی ڕاگەیاندووە، هێڵی ئاسمانیی فڕۆکەکانیان کە بەسەر ئاسمانی ئەو شوێنانەدا تێپەڕ دەبێت، بگۆڕن.

جگە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، وڵاتی "سەنگاپوور" ڕایگەیاندووە، شیرکەتی فڕۆکەوانیی "سەنگاپوور ئەیرلاینز"، هێڵی ئاسمانیی فڕۆکە موسافیربەرییەکانی خۆی لە ئاسمانی کەنداو و ئێران گۆڕیوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاندبوو، هێڵە ئاسمانییەکانی "میسر"، ناسراو بە "ئیجێپت ئەیر"، ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بەفرانبار ڕایگەیاندووە، بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی فڕۆکەکان و موسافیرەکانیان لە ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبارەوە، فڕینی فڕۆکەکانی بۆ بەغدا بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ وەدوا دەخات.