کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕێدانی زبڵ، زیانی بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنه گەیاندووە

11:24 - 17 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: وەرزێڕانی شارەکانی کامیاران و ڕوانسەر، بەنیسبەت فڕێدانی زبڵ و پاشماوە لە ڕێگای ئەو دوو شارەدا، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

وەرزێڕانی دوو شاری کامیاران و ڕوانسەر بەنیسبەت فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە ڕێگای ئەو دوو شارەدا، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئەوەش بووەتە هۆی پیسبوونی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچەیە.

وەرزێڕان باسیان لەوە کردووە کە پیسایی و زبڵی جووجەخانەکان لەو ڕێگایەدا فڕێ ددەدرێت، ئەوەش بووەتە هۆی پیسبوونی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە.

هەتا ئێستا چەندین جار داوا لە بەرپرسانی ڕێژیم لەو دوو شارەدا کراوە کە چارەسەرییەک بۆ ئەو زبڵانە بدۆزنەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ لایەنێک وڵامدەر نەبووە.

دیارینەکردنی شوێنی گونجاو بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە شارەکانی کوردستاندا، کێشەیەکی زۆری دروست کردووە.

لە شارەکانی دیکەی وەکوو مەریوان، شنۆ و مەهاباد، بەهۆی ئەوەیکە شوێنێکی گونجاو بۆ فڕێدانی زبڵ دیاری نەکراوە، ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە شارەدارییەکانی ڕێژیمی ئێران توانای بەڕێوەبردنی شارەکانیان نییە.