کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیفا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، ڕێگا بە حوزووری ژنان لە یاریگاکاندا بدەن

12:41 - 1 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی "فیفا" داوای کردووە کە ژنانی ئێرانی تا پێش لە یارییەکانی ئامادەکاریی کاپی جیهانیی تۆپی پێ، لە یاریگاکاندا حوزووریان هەبێت.

''جیاتی ئینفانتینۆ''، بەرپرسی فیدراسیۆنی جیهانیی تۆپی پێ (فیفا)، لە نامەیەکدا بۆ''مێهدی تاجزاده''، بەرپرسی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، داوای کردووە کە تا پێش لە یارییەکانی ئامادەکاریی کاپی جیهانیی تۆپی پێ، بۆ حوزووری ژنان لە یاریگاکاندا، هەوڵ بدات.

ناوبراو لەو نامەیەدا باسی لەوە کردووە کە فیفا لەمەڕ هەستیارییە فەرهەنگییەکاندا ئاگادارە، بەڵام دەبێ هەلی حوزووری ژنان لە یاریگاکاندا بڕەخسێت.

ناوبراو لەم نامەیەدا داوای کردووە کە تا پێش لە ڕێکەوەتی ٢٤ی پووشپەڕ، ڕایبگەیەنن کە چ هەوڵگەلێکی دیاریکراو لە لایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێ و ڕێژیمی ئێران ئەنجام دراوە تا ژنانی ئێران و بیانی کە دەیانەوێت بینەری یارییەکانی ئامادەکاریی کاپی جیهانیی تۆپی پێ لە یاریگاکانی ئێراندا بن، ئەو هەلەیان بۆ بڕەخسێت.

هەوڵدان بۆ ئامادەبوونی ژنان لە یاریگاکان، لە مێژە دەستی پێکردووە و تا ئێستا بە شێوەی فەرمی، ژنان ئیزنی ئامادەبوونیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پێ نەدراوە.

هەروەها ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، نەتەنیا لەم بوارەدا، بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک لە لایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێرانەوە، دەچەوسێنەوە.