کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیلمی مەردان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی \"ماردین\" نمایش درا

14:39 - 30 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: فیلمی سینەمایی مەردان لە دەرھێنانی بەتین قوبادی لە دەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ماردین لە باکووری کوردستان نمایش درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، فیلمی سینەمایی مەردان یەکەمین بەرھەمی بڵندیی سینەماکاری کورد بەتین قوبادی فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بۆ ھەشتا و حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادێمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بەتین قوبادی و ھەروەھا فەیاز دۆمان و ئیسماعیل زاگڕۆس دوو ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە لە دوو سانسی جیاوازدا، لە میانەی دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ماردین چووە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٢٥ فیلم لە وڵاتانی تورکیا، میسر، عێراق، ئێران و ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە شاری ماردین لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.

فیلمی سینەمایی مەردان لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە ڕۆژانی ٢١ هەتا ٢٣ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە بەشی سینەمای جیھان لە سی و ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی میلی ڤالری Mill Valley لە شاری ڕافائێل لە هه‌رێمی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئامریکا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فێستیڤاڵە بە نمایشی زیاتر لە ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی زیاتر لە ٥٠ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: سینەمای جیھان، سینەمای ئامریکا، سینەمای دیکۆمێنتاریی، فیستیڤاڵی فیلمی منداڵان، بەشی کورتە فیلم، بەشی سینەمای چالاک و ھەروەھا چەندین بەشی دیکە لە شاری ڕافائێل لە کالیفۆڕنیای ئامریکا بەڕێوەچوو.