کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیلمی "نانی موقەدەس" خەڵاتی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی "مۆسکۆ"ی بەدەست هێنا

13:40 - 16 پووشپەڕ 2722

فیلمی دیکۆمێنتاریی "نانی موقەدەس" لە دەرهێنانی "ڕەحیم زەبیحی" و ئامادەکاریی ''تۆرەج ئەسلانی''،لە بەشی پێشبڕکێی بڵاوکردنەوەی دووەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی "مۆسکۆ" لە ڕووسیە خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی بەدەست هێنا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "نانی موقەدەس" داویین بەرهەمی ''ڕەحیم زەبیحی'' بە ئامادەکاری ''تورەج ئەسلانی'' و بەرهەمهێنانی کۆمپانیای سینەمایی "ماد موویـ''ـیه.

ئەو فیلمە دوای بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵە بەناوبانگە نێودەوڵەتییەکان و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی گرینگ لە نوێترین و یازدەهەمین بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتیدا، بەشی پێشبڕکێی "فیلمی دیکۆمێنتاری درێژ" لە قۆناغی دووەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی "مۆسکۆ" نمایش کرا و لەلایەن بینەرانی سینەمایی پێشوازی لێ کرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەم فێستیڤاڵە بەدەستبهێنێت .

ڕەحیم زەبیحی لە شاری بانە لە دایک بووە و یەکێکە لە سینەماکارە بەتواناکانی کورد بووە.

کورتە فیلمەکانی ''هاوار''، ''سەتەلایت''، ''کۆتایی شەڕ''، ''ئەو پیاوەی کە چوو بۆ سەیران''، ''ساتە مەزادکراوەکان''، ''تیرۆریستێک دادەبەزێ''، ''ڕۆژی دوایی''، ''ئیسترێس''، ''سەمای ڕەنگەکان''، ''ژانی دابڕانی ئەبەدی‌''، فیلمی ''وڵاتی ئەفسانە'' و چەند بەرهەمێکی سینەمایی "زەبیحیـ"ـن، کە لە چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی ناوچەیی و جیهانیی گرینگدا پیشان دراون و خەڵاتیان وەرگرتووە.

ساڵی ٢٠١٨ لە ڕووداوێکی گوماناوی هاتوچۆدا "ڕەحیم زەبیحی" و برایەکی گیانیان لەدەستدا.